فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا لە ڕۆژی سێشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' شەهیدکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی و بێوەی لە هەرێمی کوردستان و ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو لە هەولێر ڕوویدا بە تاوانێکی قێزەون و کارێکی تیرۆریستیی ئیدانەکراو بە هەموو پێوەرێک دادەنرێت کە ناتوانرێت لەژێر هیچ بارودۆخێکدا قبووڵ بکرێت یان بێدەنگی لێ بکرێت.''
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بە ئامانجگرتنی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی بە ئارامی لە ماڵەکانی خۆیاندا دەژین دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکارییەکی بێ پاساوە بۆ سەر گیانی مرۆڤەکان.
جەختیش دەکەنەوە کە بەرپرسیارێتیی یەکەمی پاراستنی هاووڵاتییان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵ و ئەمڕۆ تەنیا بەیاننامەی ئیدانەکردن بەس نییە بەڵکو دەبێت دەستبەجێ ڕێکاری توند بگیرێتەبەر بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی خەڵکی سڤیل و ڕاوەدوونانی ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم تاوانە قێزەونەوەن تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکرێت.
هەروەها فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و ئەخلاقیدایە و پێویستە هەڵوێستێکی توند و ڕوون وەربگرێت کە لە ئاستی گەورەیی ئەم دەستدرێژییەدا بێت.
دووپاتی دەکەنەوە کە خوێنی مەدەنییەکان جێگەی خەمساردی نییە و ئاسایشی هاووڵاتییان لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و هیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک هەڵناگرێت.