مەسرور بارزانی رایگەیاند: جارێکی دیکەش بێ پاساو هێرش کرایە
سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دوو هاوژین شەهید بوون کە جێی داخی هەموو لایەکمانە
و ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت بە سزای خۆی دەگات.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٧ـی نیسانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوندی زەرگەزەوی، ئامادەی رێورەسمی پرسەی هەردوو
شەهید مووسا ئەنوەر و موژدە ئەسعەد بوو کە ئەمڕۆ لەئەنجامی هێرشێکی درۆنی ئێراندا
شەهید بوون.
سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: جارێکی دیکەش
بێ پاساو هێرش کرایە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دوو هاوژین شەهید بوون کە جێی
داخی هەموو لایەکمانە.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە ئەمە چەندین جارە بەبێ هۆ و
پاساو ، هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان
سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی شەهیدانمان
بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەکەمان، هەروەها لە پاراستنی خاک و وڵاتمان بەردەوام دەبین.سوپاسی
پشوودرێژی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان دەکەین و هیوادارین ئەم شەڕ و گرژی و ناخۆشییە
کۆتایی بێت و خەڵکی ئێمە بە ئاواتی دێرینی خۆی بگات.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش دا کە بە داخەوە حکومەتی فیدراڵ
هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بەرپرسیاریەتی
گەورە دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە.