چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە بگات

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرج بکرێت و بگاتە دەستیان.''

بەپێی زانیارییەکان، هەرچەندە تاوەکو ئێستا لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی نووسراوی خەرجکردنی پارەکەی بەدەست نەگەیشتووە بەڵام سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە کە بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئازاری هەرێم دراوە و ئاماژە بۆ بانکی ناوەندی نێردراوە تاوەکو بڕە پارە پێویستەکە بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

ئەم هەنگاوەی بەغدا دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە ٤٣ ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی مانگی ئازار بە شێوەی کاش ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردبوو وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ و دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمدا.




PM:01:25:09/04/2026