داخستنی گەرووی هورمز نرخی مۆز لە هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە


سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، سەروەر عەلی سەبارەت بە گرانبوونی نرخی تەماتە و مۆز و نزمبونەوەی نرخی کۆمەڵێک سەوزە لە لێدوانێکدا بە سپی میدیای راگەیاند "لە ئێستادا نرخی کارتۆنێک مۆزی ٢٠ کیلۆگرامی بە ٤٥ هەزار دینارە".

یەک شەممە، ١٢ نیسان ٢٠٢٦، سەبارەت بە گرانبوونی مۆز کە ئێستا لە ناو بازاڕدا کیلۆی بە ٣ هەزار دینارە، سەروەر عەلی وتی "پێشتر کارتۆنێک مۆزی ٢٠ کیلۆیی بە  ١٨ بۆ ١٩هەزار دینار بوو، بەڵام  دوێنی تا ٥٣ هەزار نرخەکەی بەرز بوەوە، ئێستا بە هۆی ئەوەی  شەڕەکە راگیراوە هاتۆتە ٤٥  هەزار دینار".

بە پێی قسەکانی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی هۆکاری بەرز بوونەوەی نرخی مۆز وەستانی  بازرگانیی هیندستان لەگەڵ عێراقە، چونکە گەرووی هورمز داخراوە و کاریگەری لەسەر بازاڕ دروستکردوە و ئێستا تەنها مۆزی ناو کۆگاکان دەفرۆشرێت.

لە بارەی بەرزبونەوەی نرخی تەماتەوە سەروەر عەلی دەڵێت "تەماتە ڕۆژی رابردوو بە هەزار و ٣٠٠ تا هەزار و ٤٠٠ دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی بەرز بوەتەوە بۆ  هەزار و ٥٠٠ تا هەزار و ٧٠٠ دینار".

سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد کە "دوو جۆر تەماتە لە ناو بازاڕدا هەیە(تەماتەی ئێرانی)،  تەماتەی هێشویی و تەماتەی ئاسایی کە هەردووکیان لە ناو خانوە پلاستیکیەکاندا دەچێندرێت و لە ئێستا تەماتەی بەرخۆر لە سنورەکان ڕێگایان پێنادرێت بێنە هەرێمەوە".

یەکێکی دیکە لەو بەرهەمانەی گرانبوە لیمۆیە و لە ئێستادا لە بازاڕی هەولێر نرخی کیلۆیەک لیمۆی تورکی ٢ هەزار دینارە.

مستەفا عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتی هەناردە و هاوردەکاران لە چاوپێکەوتنێکی سپی میدیادا رایگەیاند "بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهاندا یەکێکە لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی کاڵا و پێداویستیەکان، چونکە کرێی گواستنەوە زیادی کردوە".

ئەو بەرهەمانەی ئێستا لە ناو عەلوەی سلێمانیدا نرخیان دابەزیوە بە وتەی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی "خەیار، پەتاتە، باینجان و پیاز هەرازن بوون".




PM:03:50:12/04/2026