تەندروستی سلێمانی رونکردنەوە لە بارەی شەهیدبوونی غەزاڵ مولان دەدات

‌شەهید غەزاڵ مولان

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، دکتۆر سەباح هەورامی، لە لێدوانێکدا(بۆ میدیاکانی یەکێتی) دەڵێت "بۆ چارەسەری غەزاڵ مولان  پەیوەندی بە هیچ نەخۆشخانەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییەوە نەکراوە"، لە کاتێکدا بە پێی بەدواداچوونەکانی سپی میدیا " لە نەخۆشخانەی شۆڕش تەنها خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پێویستییەکانی بۆ دابین کرا، بەڵام دواتر بە بیانووی نەبوونی جێگای، داواکاریی چارەسەرکردنی ڕەت کراوەتەوە".

چوار شەممە، ١٥ نیسان ٢٠٢٦، د. سەباح هەورامی رایگەیاند "ئەگەر ئەو بریندارە بهێنرایەتە نەخۆشخانە حکومییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بێگومان وەکو هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی چارەسەری پێویستمان بۆ دەکرد، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین بەدەر لە بیروبۆچوونی سیاسی هەر کەسێک بۆ چارەسەری پزیشکی پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانمانەوە بکات وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی چارەسەری پزیشکیی بۆ دەکەین".

ئەمە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی سورداش لە شارۆچکەی دووکان کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هێرشەکەوە پێشمەرگەیەک شەهیدبوو و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

لە کاتێکدا ئەمڕۆ سپی میدیا بەدواداچوونی بۆ هۆکاری گیان دەستدانی غەزاڵ مولان کرد "لەسەرەتادا  هەرسێ بریندارەکەی ناو کەمپەکە براونەتە نەخۆشخانەی شۆڕش و لەوێ فریاکەوتنی سەرەتاییان بۆ ئەنجامدراوە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە غەزاڵ پێویستی بە مانەوە لە ژوری چاودێری چڕ هەبوە، بەڵام نەخۆشخانەکە بە هۆکاری نەبوونی جێگا داوایان کردوە ببرێتە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان و لە کاتی چوون بۆ نەخۆشخانەی بەخشین، نەخۆشخانەکە ئامادە نەبووە وەریبگرن و نەخۆشخانەی ئاسیاش وەڵامی داواکاری هێشتنەوەیان نەداوەتەوە و غەزاڵ لە بەردەم نەخۆشخانەی بەخشین شەهیدبووە". 

شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بە "چارەسەرنەکردنی و وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانە حکومی  وتایبەتەکاندا". 




PM:11:16:15/04/2026