پارێزەرێک سەبارەت بە شەهیدبوونی غەزال مولان وەڵامی تەندروستی سلێمانی دەداتەوە


پارێزەر، پەیمان عیزەدین لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی "ئەو نوسراوەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەریکردووە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت، دورو نزیک پەیوەندی بە بابەتی چارەسەرنەکردنی غەزەلەوە نیە".

پێنج شەممە، ١٦ نیسان ٢٠٢٦، پەیمان عیزەدین، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان و پارێزەر رایگەیاند "ئەو نوسراوە تایبەتە بەو کەیسانەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان هەیە واتا هەم بریندار یا نەخۆشن و هەمیش سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە. ئەو نوسراوەش خۆی لە بنچینەدا لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەرچووە".

ئەو پارێزەرە دەشڵێت "مەگەر نەخۆشخانەکە وەک بریندارێک سەیری غەزەلیان کردبێ کە کۆماری ئیسلامی ئێران سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە، لەم حاڵەتەدا ڕاستە ئەبوایە غەزەلیان سەرەتا ببردایەتە بنکەیەکی پۆلیس و دواتر پەڕاویان بۆبکردایەتەوە و دادوەر بڕیاری ناردنی بۆ بەخشین بدایە ،ئینجا قبوڵیان ئەکرد چارەسەری بکەن".

"سەد ماشەڵا لە پابەندیتان بە فەرمانی ئیداریەوە بەڵام ،تو ویژدان و ئیمانداریتان، کام لەو دوو خاڵەی نوسراوەکە بەڕەهایی ڕێگری کردووە لە چارەسەرکردنی بریندار ئەگەر کەیسی پۆلیس نەبێ؟، ئەم مامەڵەیەی ئێوە لەکوێی مرۆڤایەتی ، ئاین ، سوێنخواردنی خۆتاندایە؟"

د. سەباح هەورامی، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، دوێنێ بە میدیاکانی نزیک لە یەکێتی راگەیاند "ئەگەر ئەو بریندارە بهێنرایەتە نەخۆشخانە حکومییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بێگومان وەکو هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی چارەسەری پێویستمان بۆ دەکرد، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین بەدەر لە بیروبۆچوونی سیاسی هەر کەسێک بۆ چارەسەری پزیشکی پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانمانەوە بکات وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی چارەسەری پزیشکیی بۆ دەکەین".

نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی لەبارەی وەرنەگرتنی غەزال مولان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتیان "ئێمە رێنمایی پۆلیسمان جێبەجێ کردووە، ئەوان ئاگاداریان کردووینەتەوە کە کەیسی پۆلیس وەرنەگرین".

ئەمە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی ڕۆژی سێ شەممە، ١٤ نیسان بە درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی سورداش لە شارۆچکەی دووکان کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هێرشەکەوە پێشمەرگەیەک شەهیدبوو و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

لە کاتێکدا دوێنێ سپی میدیا بەدواداچوونی بۆ هۆکاری گیان دەستدانی غەزال مولان کرد "لەسەرەتادا  هەرسێ بریندارەکەی ناو کەمپەکە براونەتە نەخۆشخانەی شۆڕش و لەوێ فریاکەوتنی سەرەتاییان بۆ ئەنجامدراوە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە غەزاڵ پێویستی بە مانەوە لە ژوری چاودێری چڕ هەبوە، بەڵام نەخۆشخانەکە بە هۆکاری نەبوونی جێگا داوایان کردوە ببرێتە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان و لە کاتی چوون بۆ نەخۆشخانەی بەخشین، نەخۆشخانەکە ئامادە نەبووە وەریبگرن و نەخۆشخانەی ئاسیاش وەڵامی داواکاری هێشتنەوەیان نەداوەتەوە و غەزاڵ لە بەردەم نەخۆشخانەی بەخشین شەهیدبووە". 

شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بە "چارەسەرنەکردنی و وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانە حکومی  وتایبەتەکاند". 

وێنەی نوسراوەکەی تەندروستی سلێمانی:




PM:02:26:16/04/2026