وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێـمی کوردستان راگەیاندراوێكی سەبارەت بە شەهیدبوونی غەزاڵ مەولان بڵاوکردوەتەوە و باس لەوە دەکات کە لێکۆڵینەوە لە "هۆکارەکانی گیان لە دەستدانی دەکرێت" و "لێپێچینەوە و بە سزاگەیاندنی سەرپێچیکاران" دەکرێت.
شەممە، ١٨ نیسان ٢٠٢٦، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند "دوابەدوای رەوانەکردنی غەزال مەولان لە نەخۆشخانەی شۆڕشی تایبەت بە پێشمەرگە بۆ نەخۆشخانەی بەخشینی کەرتی تایبەت، هیچ رێکارێکی پزیشکی بۆ نەکراوە، نەخۆشخانە تایبەتەکە ئامادە نەبووە بریندارەکە وەربگرێت و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە".
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە "وەزارەتی تەندروستی راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و داواکاری گشتی لەسەر هێڵ بووە. هەروەها پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆشی ژمارە چوار لە ساڵی ٢٠٢٠ و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی ژمارە ١٦ـی ساڵی ٢٠٢٢، لیژنەیەک راسپێردراوە بۆ ئاشکراکردن و دڵنیابوونەوە لە تەواوی راستییەکانی ئەم رووداوە و وەرگرتنی رێکاری یاسایی و بەسزاگەیاندنی سەرپێچیکاران".
وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستە روو، "ئەو جۆرە رەفتارانە جێگەی قبووڵکردن نین و رێکاری پێویست دەگرینەبەر، هەمیشە پێویستە دامەزراوە تەندروستییەکان بە ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان بۆ پاراستنی گیانی هەر کەسێک هەستن و نابێت بکەونە ژێر هیچ گوشار و نیازێکی سیاسییەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی ڕۆژی سێ شەممە، ١٤ نیسان بە درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی سورداش لە شارۆچکەی دووکان کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هێرشەکەوە پێشمەرگەیەک شەهیدبوو و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
بە پێی بەدواداچوونی سپی میدیا بۆ هۆکاری گیان دەستدانی غەزال مولان کرد "لەسەرەتادا هەرسێ بریندارەکەی ناو کەمپەکە براونەتە نەخۆشخانەی شۆڕش و لەوێ فریاکەوتنی سەرەتاییان بۆ ئەنجامدراوە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە غەزاڵ پێویستی بە مانەوە لە ژوری چاودێری چڕ هەبوە، بەڵام نەخۆشخانەکە بە هۆکاری نەبوونی جێگا داوایان کردوە ببرێتە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان و لە کاتی چوون بۆ نەخۆشخانەی بەخشین، نەخۆشخانەکە ئامادە نەبووە وەریبگرن و نەخۆشخانەی ئاسیاش وەڵامی داواکاری هێشتنەوەیان نەداوەتەوە و غەزاڵ لە بەردەم نەخۆشخانەی بەخشین شەهیدبووە".
شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بە "چارەسەرنەکردنی و وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانە حکومی وتایبەتەکاندا".