گرژییەکانی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا گەیشتە لوتکە و فراکسیۆنی پارتی بڕیاری کشانەوەی لە دانیشتنەکان دا.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەسەر ڕێنمایی سەرکردایەتی حزبەکەیان، بڕیاریانداوە بە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان تا کاتێکی نادیار. ''
فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بنەماکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) لەناو پڕۆسەی سیاسی عێراقدا پشتگوێ خراون. جەختیشیان کردووەتەوە کە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و شەرعییەتی پڕۆسەی سیاسی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە.
هۆکاری ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بە سەرۆک کۆماری عێراق لە ١١ی نیساندا. پارتی پێیوایە ئەو هەڵبژاردنە لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و ئالییەتی کوردستانی بووە، بۆیە نەک هەر کاندیدەکە بە نوێنەری کورد نازانن، بەڵکو بڕیاریانداوە هیچ مامەڵەیەکی فەرمیشی لەگەڵدا نەکەن.
پارتی پێشتر هۆشداری دابوو کە سەپاندنی ئەمری واقیع و تێپەڕاندنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ سازان، پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لەو لێکتێگەیشتنە دەستوورییانەی کە پڕۆسەی سیاسی عێراقی لەسەر بونیاد نراوە.