بەڕێوبەری گشتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی، محەمەد جەلیل لە چاوپێکەوتێکدا سەبارەت بە زیانەکانی بارانبارین و لافاو لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت " کۆی زیانەکان گەیشتووەتە ١٠ ملیار دینار".
یەک شەممە، ١٩ نیسان ٢٠٢٦، محەمەد جەلیل رایگەیاند " بەهۆی باران و لافاوی ئەمساڵەوە بە تەنیا ٦ ملیار دینار زیان بە تۆڕی رێگەوبان گەیشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیانەکانی ساڵانی رابردوو هێشتا چاک نەکراونەتەوە، کۆی زیانەکان گەیشتووەتە ١٠ ملیار دینار".
لە بارەی جۆری زیانەکانەوە، بەڕێوبەری ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە وتویەتی "زیانەکان تەنیا تێکچوونی قیر نین، بەڵکو وێرانبوونی شانی رێگەکان، دروستبوونی دابەزین لە ئاستی شەقامەکان و تێکچوونی جۆگەی ناوەڕاستی رێگە سەرەکییەکان بەشێکی دیکەی زیانەکانن کە سیمای رێگەکانیان تێکداوە".
بەپێی قسەکانی محەمەد جەلیل ئاستەنگی بەردەم چاکنەکردنەوەی ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتوە دەگەڕێتەوە بۆ "کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا بووەتە بەربەستی سەرەکی".
"١٢ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە بە گوژمەی ٧ ملیار و نیو رەزامەندییان هەیە، بەڵام وەستاون. هەروەها ٢٥٠ پڕۆژەی نوێی رێگای گوندەکانیش بەهۆی خەرجنەکردنی پێشینەکانەوە کاریان تێدا ناکرێت و بەڵێندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان دەکەن"، بەڕێوبەری گشتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی وا دەڵێت.
محەمەد جەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە پرۆژەکانی ئەم ساڵیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی کردوە و رایەگەیاندوە "لیستێکی ٤٩ پڕۆژەییمان بە بڕی ١٩ ملیار دینار پێشکەش کردووە و جێگری سەرۆک وەزیران رەزامەندی لەسەر داوە. ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو وەرزی بارانبارینی داهاتوو، ٪٨٠ ی ئەو شوێنانەی خەڵک گلەییان لێیەتی نۆژەنیان بکەینەوە."