لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی "بەرەی گەل" لە ڕێگەی لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک، ڕایگەیاند'' ئەو و پۆڵادی برای بڕیاریان داوە لە ئەمڕۆوە دەست بکەن بە "مانگرتن لە خواردن".''
ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕیارە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە سەروەریی یاسا لە دۆسییەکەیاندا بەدی دێت.
لە پەیامەکەیدا کە لەناو زیندانەوە بڵاوکراوەتەوە، لاهور شێخ جەنگی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ماوەی هەشت مانگە "دوور لە هەموو عورفێکی دامەزراوەیی و یاسایی و بە ناحەق" دەستبەسەر کراون. ڕاشیگەیاندووە'' تائێستا بە هیوای ئەوەی دادگا ڕێڕەوی یاسایی خۆی بگرێتەبەر چاوەڕێیان کردووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە.''
سەرۆکی بەرەی گەل، بە ڕوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی فشاریان خستووەتە سەر دادگاکان. بە گوتەی ئەو، ئەو فشارانە ڕێگرن لەوەی دۆسیەی "سیناریۆکان" بگاتە دادگای تەمیز و ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت.
لاهور شێخ جەنگی جەختی کردەوە کە ئامادەن "سەرکێشی بە ژیانی خۆیانەوە بکەن" بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بۆ هەموان دەربکەوێت. دەڵێت ئەم هەنگاوەیان بۆ ئەوەیە بسەلمێنن کە لایەنی بەرامبەر "هیچ ڕۆڵێکی بۆ دادگا و دامەزراوەکانی شاری سلێمانی نەهێشتووەتەوە" و دۆسیەکەیان ڕەهەندێکی سیاسی وەرگرتووە.