هەرێم تۆمەتێکی ئێران لە بارەی هەبوونی بنکەی مەشقکردنی بیانی رەتدەکاتەوە


لە بارەی تۆمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بوونی بنکەی مەشق و راهێنانی هەواڵگریی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ئەو تۆمەتانە دەتدەکاتەوە، هاوکات داوا لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێگری لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێم بگرن لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. 

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ٢٤ نیسان لە راگەیەندراوێکدا بەرامبەر ئەو " تۆمەتانە" نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو راگەیاندنانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری وڵاتانی دیکەوە مەشقیان پێکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە راستییەوە.

لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دراوە، چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پابەندبوون وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عێراق و ناوچەکە. بە رێزگرتن لە دەستووری عێراقی فیدراڵ و پرەنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.

، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵیش دەکات کە بەرپرسیارەتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عێراق و رێگری کردن لەو پێشێلکارییانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

" هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاشتی و کەرامەت و مافە دەستووریەکاندا، دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتووە، هەر بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بوونی بە حوکمڕانی بەرپرسیارانە و پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیاتنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەک" (فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە وا دەڵێت).




PM:01:58:24/04/2026