وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' هێزەکانی پۆلیس هاووڵاتییەکیان بە ناوی "عومەر جەمال" دەستگیرکردووە.''
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ناوبراو لە پلاتفۆڕمی (X) چەند پۆستێکی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا قسەی نەشیاوی بەرامبەر زیارەتکارانی شیعە بۆ مەزارە پیرۆزەکان بەکارهێنابوو، وەزارەتیش دەڵێت دەستگیرکردنەکە لەسەر فەرمانی دادوەر و بەپێی ڕێکارە یاساییەکان بووە.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕوونکردنەوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرچەندە مافی نووسین و گوزارشتکردن لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە، بەڵام نابێت ئەم ئازادییە بۆ تەشهیرکردن بە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەکاربهێنرێت. وەزارەت ئاماژەی بەوەش داوە کە هەر کارێک ببێتە هۆی شێواندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، خاوەنەکەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
عومەر جەمال کەسایەتییەکی چالاکە لە سۆشیاڵ میدیا و وەک لێکۆڵەر و چاودێرێکی سیاسی لە ناوەندە عەرەبییەکاندا دەردەکەوێت. ناوبراو پێشتر وەک نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە و پاشان بووەتە سەرۆکی "سەنتەری لێکۆڵینەوەی عەرەبی لە نیویۆرک". زۆربەی نووسین و لێدوانەکانی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و ڕۆڵی ئێرانە لە ناوچەکەدا، کە زۆرینەی جار بە زمانێکی توند و ڕەخنەگرانە دەنووسێت.
نووسینەکانی عومەر جەمال لەسەر زیارەتکارانی شیعە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی گەورەی لە ناوەندە سیاسی و ئایینییەکانی بەغدا و شارەکانی باشوور لێکەوتەوە. زۆرێک لە لایەنەکان داوایان لە حکومەتی هەرێم کرد ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە دروستبوونی فیتنەی تائیفی، ئەمەش وایکرد دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێم بۆ پاراستنی سەقامگیری و پەیوەندییەکان، ناوبراو ڕادەستی دادگا بکەن.