سوپای پاسداران: کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز ستراتیژێکی حەتمییە و وەڵاممان توند دەبێت

سوپای پاسدارانی ئێران، دوای بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی شاندەکەی لە دانوستانەکان، بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە. سوپا ڕایگەیاند'' هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکا یان ئیسرائیل، بە وەڵامێکی توند و کتوپڕ دەدەنەوە کە لە سەروو چاوەڕوانییەکانی دوژمنەوە دەبێت.''

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر پێگەی ستراتیژیی ئاوەکان کراوەتەوە و هاتووە کە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، بەشێکی دانەبڕاو و ستراتیژێکی حەتمیی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە. سوپای پاسداران هۆشداریی دایە واشنتن کە چیتر خۆیان نەکەنە "داردەستی ناتانیاهۆ" و پێویستە ڕاستییە نوێیەکانی ناوچەکە قبوڵ بکەن.

سوپای پاسداران دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان لە هەر سێ بەرەی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی لە ئامادەباشی تەواودان. ئەم پەیامە وەک وەڵامێک دەبینرێت بۆ فشاری کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، تاران دەیەوێت نیشانی بدات کە سەرەڕای فشارەکان، توانای تێکشکاندنی هەر جووڵەیەکی دوژمنکارانەیان هەیە.

هاوکات لەگەڵ پەیامە سەربازییەکان، عەباس ئێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای گەڕانەوەی لە پاکستان، ڕایگەیاند کە ئێستا "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە". ئێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکەوتنی هەر دەسپێشخەرییەک بۆ ئاشتی، تەنیا بەندە بە بوونی ئیرادەی ڕاستەقینە لای واشنتن، کە تا ئێستا بۆ تاران ڕوون نییە ئەمریکا چەندە لە ڕاگرتنی جەنگدا جیدییە.



AM:12:07:26/04/2026