کەشناسێک ڕایگەیاند'' بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و بارستە هەوایەکی زۆر سارد، لە بەرەبەیانی سبەی سێشەممە ٢٨ـی نیسانی ٢٠٢٦، شەپۆلێکی باران و هەورەبروسکە دەست پێ دەکات.''
ئاراس جەبار، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا ناوچەکانی گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک دەگرێتەوە و لە کاتی نیوەڕۆوە کاریگەرییەکەی فراوانتر دەبێت بۆ سەر هەولێر، دهۆک، ڕاپەڕین و سۆران.
لە دوای نیوەڕۆی سێشەممەوە تا کاتەکانی شەو، هێزی شەپۆلەکە لە ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و گەرمیان زیاتر دەبێت.
پێشبینی شەستەبارانی بەهێز، تەرزە و هەورەبروسکەی توند دەکرێت کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو. پلەکانی گەرماش ٣ بۆ ٤ پلە دادەبەزن و خێرایی با چالاک دەبێت.
بۆ ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ـی نیسانی ٢٠٢٦، ناجێگیرییەکە بە بەهێزی دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک، دەڤەری بادینان، سۆران و ڕاپەڕین. ئاراس جەباری هۆشداری دەدات لە ئەگەری دروستبوونی لافاو لەو شوێنانەدا بەهۆی بارانی بەخوڕ و تەرزەوە. لە هەمان کاتدا لە سەنتەری هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک ناوبەناو بارانی بەخوڕ و بروسکە بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەم شەپۆلە بەهێزە لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەوە بەرە بەرە لاواز دەبێت و کەشوهەوا بەرەو جێگیربوونەوە دەچێت. تا ئەو کاتە داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت وریای گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەگەری لافاو بن.