ماوەی ٧ رۆژە رۆژنامەنوس شێروان شیروانی مانی لە خواردن گرتوە و ڕیڤینگ یاسین، یەکێک لە پارێزەرەکانی بە سپی میدیا راگەیاند "دۆخی تەندروستی شێروان شێروانی لە مەترسیدایە".
سێ شەممە، ٢٨ نیسان ٢٠٢٦، ڕیڤینگ یاسین، یەکێک لە ئەندامانی پارێزەرانی شیروان شێروانی بە سپی میدیای وت " لە ٢٢ نیسانی ٢٠٢٦ـەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ یادی ١٢٨ـهەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی، ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی، وەک هەڵوێستێک دژی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەری دەکرێت، مانی لە خواردن گرتووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە مانگرتنەکەی".
رێڤینگ یاسین بۆ سپی میدیای پشتراست کردەوە "کە لە لایەن کەسوکاری زیندانیەکانی دیکەوە هەواڵیان پێگەیشتوە کە شێروان شێروانی توشێ سەرگێژخواردن و سەر ئێشەی زۆربوە و کێشەی تری تەندروستی بۆ دروست بوە".
"شێروانی بێبەش کراوە لە وەرگرتنی مافی مۆڵەتی ماڵ و گەڕانەوە بۆ ماڵ لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە لایەنە پەیوەندارەکان مۆڵەتیان پێداوە، بەڵام بەڕێوبەری زیندان کە دیارە لە سەروخۆیەوە فەرمانی پێ دەکرێت ڕیگربووە"، پارێزەری شێروان شیروانی وا دەڵێت.
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان پێنج شەممە، ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکێکدا رایگەیاند "شێروان شێروانی دوو داواکاری سەرەکی ئاراستەی تیمی دەستە کرد ئەویش پێدانی مۆڵەتی چوونەوەی ماڵەوە بەپێی یاسا و ڕێنمایییەکان. لە حاڵەتی جێبەجێ نەکردنی داواکاری یەکەم، ڕێگەی پێ بدرێت بگوازرێتەوە بۆ چاکسازیی گەورانی سلێمانی. ناوبراو ڕایگەیاند کە وەڵامدانەوەی دروستی ئەم داواکارییانە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی لە خواردن بهێنێت"، کە تا ئێستا داواکارییەکانی جێبەجێنەکراوە و رەتکراوەتەوە.
رۆژنامەنووس شێروان شێروانی یەکێکە لە دەستگیرکراوانی کەیسی زیندایانی بادینان و لە تشرینی یەکەنی ٢٠٢٠وە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" دەستگیرکراوە و لە شوباتی ٢٠٢١ لە لایەن دادگای تاوانەکانی هەولیرەوە سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە تەموزی ٢٠٢٣ جارێکی دیکە بە تۆمەتی "ساختەکاری و دەستکاریکردنی پەراوی فەرمی" سزای ٤ ساڵی دیکەی بۆ زیادکرا و کەیسەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەدوادا هاتووە و بە "کەیسێکی سیاسی و دەسترێژیکردنە سەر ئازادی رادەربڕین" پێناسە دەکرێت.