بە هۆی بنبەستی دانوستانی ئێران و ئەمریکا و بەردەوامی
گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن گەیشتە بەرزترین
ئاستی خۆی لە مێژوودا.
راپۆرتەکان لە ئێرانەوە باس لە هەڵکشانی نرخی دۆلار و زیادبوونی
بەرچاوی نرخەکەی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە بازاڕی ئازاد و تۆمارکردنی ڕیکۆردی
نوێ لە دابەزینی بەهای دراوی ئێران دەکەن.
ماڵپەڕەکانی ڕاگەیاندنی نرخی دراو، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی
نیسان، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکییان لە بازاڕی ئازادی
ئێراندا بە زیاتر لە ١٧ ملیۆن و ١٠٠هەزار تمەن ڕاگەیاند. ئەمە بە بەرزترین نرخی تۆمارکراوی دۆلار لە مێژووی ئێراندا
دادەنرێت.
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی
ئێکس نووسی: «لە ژێر فشاری زۆرینەی سەرۆک کۆماری ئەمریکادا، هەڵاوسان لە تاران دوو
هێندە بووە و بەهای دراوی ئێرانیش بە خێرایی دابەزیوە.»