قەرەیلان: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا راگیراوە

موراد قەرەیلان، رەخنە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی دەگرێت و دەڵێت "گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان بەردەوامە و ناکرێت سەردانی ئیمراڵی تەنیا لەسەر قسەی یەک بەرپرس بکرێت یان رابگیرێت، دەتوانین بڵێین پرۆسەکە هەڵپەسێردراوە یان وەستێنراوە".

قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی نیسان، بە بۆنەی ١ـی ئایار، جەنگی جیهانیی کرێکاران، لەگەڵ میدیایەکی سەر بە پەکەکە چاوپێکەوتنێکی کردووە و باسی لە چەند پرسێکی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی کردووە و جەختی کردەوە، لە لایەنی یاساییەوە گۆشەگیری لە سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەردەوامە.

قەرەیلان لەبارەی چوونی شاند بۆ ئیمراڵی رەخنەی گرتووە و دەڵێت "ناکرێت ئەم کارە ببەسرێتەوە بە قسەی تاکە بەرپرسێک و ئەو بڕیاربدات کە چیتر چوونی شاند بۆ ئیمراڵی سوودی نییە، چونکە مامەڵەیەکی لەم شێوەیە متمانە بۆ کەس دروست ناکات و بە مانای ئەوە دێت کە هیچ یاسایەک نییە؛ بەڵكو دەبێت رێکخراوەکان بە گوێرەی بڕیارە کارگێڕییەکانیان کار بکەن، بەڵام ئەمانە بۆ رای گشتی ئاشکرا و روون نەکراوەتەوە، تەنیا کارێک کە بە فەرمی کرابێت، ئەرکی کۆمیسیۆنی پەرلەمان و راپۆرتەکەی بووە".

هەروەها دەڵێت "هەرچەندە لە ٢٧ـی ئاداری ئەمساڵدا، شاندێکی حکومەتی تورکیا و شاندێکی دەم پارتی، لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، کە چاوەڕوانییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئەوەندەی تێی بگەین، ئەو گفتوگۆیانەی کران، ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵام لەو کاتەوە بە دواوە، نەبوونی کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پرۆسەی ئاشتی".

بە وتەی قەرەیلان، لە مانگی رابردووەوە رێگە بە هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان نەدراوە و دەڵێت "بە ئاشکرا دەبینرێت پاش ئەم گفتوگۆیە، بە کاریگەریی رووداوە هەرێمییەکان، هەلومەرجەکان و هەندێک پرۆسەی ناوخۆیی، هێزە بڕیاربەدەستەکان بە گونجاویان زانیوە کە هەنگاوەکان بوەستێنن یان دوای بخەن. بە هەبوونی ئەو راپۆرتە فەرمییەی بەرئەنجامی کاری چەندین مانگی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان، بەرەوپێش نەچوونی پرۆسەکە، جگە لەمە هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێت".

هەروا موراد قەرەیلان باس لە هەنگاوەکانی پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی پرۆسەی ئاشتی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە "راستییەکە لەبەرچاوە و ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێکردووە و روونە کە ئێمە هەموو ئەو کارانەمان کردووە کە دەبوو دەسەڵات ئاراستە بکات بۆ هەنگاونان. ئەمەش بە بەرچاوی رای گشتی کرا و کۆتاییهێنان بە خەباتی ٤٢ ساڵەی چەکداریی بڕیارێکی ئاسایی نییە، بۆیە کەس ناتوانێت بڵێت ئێمە هیچ هەنگاوێکمان نەناوە".




PM:03:18:30/04/2026