وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە


وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنیەکان بڵاوکردوەتەوە.

یەک شەممە، ٣ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئاگاداری هاوڵاتییانی ئازیز دەکەینەوە، کە لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، وە بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان بپارێزێت، لەبەرئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە".

"بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر کەس و گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە"، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.

لە کۆتای راگەیاندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ وتوشیەتی "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە، وە هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات".




PM:02:49:03/05/2026