ئەبو کاروان لەسەر پێدانی متمانە بە حکومەتی داهاتووی عێراق هۆشداری دەدات

لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرێکی نوێ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ڕەخنە و هۆشدارییەکان لە شێوازی ئەم پرۆسەیە زیاد دەبن. هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان، دەڵێت" ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە دووبارەکردنەوەی هەمان سیستەمی پشکپشکێنەیە کە لە ڕابردوودا نەیتوانیوە هیچ چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکانی وڵات بدات".

بەپێی وتەکانی ئەبو کاروان، ئەوەی ئێستا لە پشت ئەم ڕێککەوتنەدا هەیە بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵات و بەرژەوەندییە حزبییەکان، نەک دانانی بەرنامەیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەستیارەکان. هەروەها سەرنجی ڕاکێشا بۆ پشتگیریی پێشوەختەی هەرێمی کوردستان بۆ کاندیدێک کە هێشتا هیچ بەرنامە و هەڵوێستێکی ڕوونی نییە لەسەر بابەتە سەرەکییەکان وەک مووچە، ماددەی ١٤٠، نەوت و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەبو کاروان ئاماژەی بەوە دا کە ئەم جۆرە پشتگیرییەکان دەتوانن دواتر ببنە هۆی کێشە و تاوانبارکردن، ئەگەر بە بنەمایەکی ڕوون و یاسایی نەبن. بۆیە، بە پێویست زانی کە لایەنە کوردستانییەکان بە گوتارێکی یەکگرتووەوە بچنە ناو دانوستانەکان و مافە دەستوورییەکان لە پێناو ڕێککەوتنی کاتی دا نەدەن لە دەست.

لە هەمان کاتدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێش دەنگدان بۆ متمانەدان، دەبێت ڕێککەوتنێکی سیاسیی ڕوون و نووسراو هەبێت کە پابەندییە یاساییەکان دیاری بکات و گەرەنتیی جێبەجێکردنی مافەکانی هەرێم بدات.

لە کۆتاییدا، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان هۆشداری دا کە متمانەی سیاسی نابێت بدرێت بە ئەزموونێک کە هیچ دڵنیاییەکی لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکان تێدا نییە، و هەر لایەنێک کە بەبێ بەرنامەیەکی دیار پاڵپشتی بکات، دەبێت بەرپرسیاری ئەنجامەکان بگرێتە ئەستۆ.




AM:09:35:04/05/2026