وەزارەتی ناوخۆ سزای دارایی بۆ فڕێدانی زبڵ لەناو ئۆتۆمبێل دەردەکات

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ژینگە و پاک ڕاگرتنی سیمای شارەکان، بڕیارێکی نوێی بۆ سزادانی ئەو کەسانە دەرکرد کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیانەوە زبڵ و خاشاک فڕێ دەدەنە سەر شەقامەکان.

دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند'' لەمڕۆ سێشەممەوە (١٢ی ئایاری ٢٠٢٦) هەر شۆفێرێک یان سەرنشینێک پاشماوە و خاشاک فڕێ بداتە دەرەوە، بە بڕی ٤٠ هەزار دینار سزا دەدرێت.'' چونکە ئەم کارە چیتر وەک ڕەفتارێکی ئاسایی نابینرێت و ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

ئەم بڕیارە بە ئامانجی دروستکردنی "کوردستانێکی پاکتر" و پاراستنی جوانیی شوێنە گشتییەکان دراوە؛ وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن تاوەکو وێڕای پاراستنی ژینگە، خۆشیان لە سزای دارایی بەدوور بگرن.



AM:10:16:12/05/2026