بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، دکتۆر ئاسۆ زەنگەنە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا چۆنیەتی دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی هانتا و رێکارەکانی رووبەرووبونەوەی ئاشکرا دەکات.
سێ شەممە، ١٢ ئایار ٢٠٢٦، دکتۆر ئاسۆ زەنگەنە لە بارەی ڤایرۆسی هانتا رایگەیاند "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون یان گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی رێنمایی پێویستمان بڵاوکردووەتەوە و تیمەکانمان لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بەردەوامن. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ سنووردارکردنی جووڵە لە فڕۆکەخانە و دەروازەکان نییە، بەڵام خۆپارێزی گرنگە".
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە وەزارەت ئاماژەی بەوەشکرد کە " کە پشکنینی ئەم ڤایرۆسە پێویستی بە کیتی تایبەت هەیە و لە کاتی هەبوونی هەر گومانێکدا، نموونەکان بۆ تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا دەنێردرێن بۆ دڵنیابوونەوەی تەواو".
ڤایرۆسی هانتا، کە لەم رۆژانەدا بووەتە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان و بە تایبەت دوای گیان لەدەستدانی ٣ هاوڵاتی، ئەم ڤایرۆسە نوێ نییە و زیاتر لە ٥٠ ساڵە لە تاقیگەکاندا تۆمار کراوە. بە پلەی یەکەم لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە وەکو مشک و جرج بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و ساڵانە لە نێوان ١٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا تووشی دەبن. مەترسیدارترین جۆری ئەم ڤایرۆسە ناوی "ئاندیس"ە، کە تەنیا جۆرە توانای گواستنەوەی لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە هەبێت، ئەویش لە رێگەی لیک، سێکس، یان بەکارهێنانی هەمان جێگەی نوستن و کەرەستەی نانخواردن.