ئەندامی فراکسیۆنی پارتی کە پەرلەمانی عێراق، سیپان شێروانی دەڵێت "دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، سەردانی وەزارەتی نەوتیان کردووە و لەگەڵ عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز کۆبوونەتەوە".
سێ شەممە، ١٢ ئایار ٢٠٢٦، پەرلەمانتارەکەی پارتی رایگەیاند "وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە ٢٢ی نیسانی ئەمساڵ بە نووسراوێک پشکی غازی شلی هەولێر و دهۆکی راگرتبوو، کە بڕەکەی رۆژانە ١٥٠ تۆنە. ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک دروست کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی غازی ماڵان و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕەکاند".
سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەشکرد کە "لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری وەزارەتی نەوت دراوە بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی ١٥٠ تۆن غازی شل لە رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو، ١٤ی ئایاری ئەمساڵ. هاوکات بڕیار دراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو رۆژانەی ناردنی غازەکە تێیاندا راگیرابوو".
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی پشکی ئەو دوو پارێزگایە، سیپان شێروانی گوتی، "ئێمەش هەمان پرسیارمان لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد و ئەوانیش بیانووی ئەوەیان هێنایەوە، گوایە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بڕی غازی بەرهەمهاتوو لە عێراق بە گشتی کەمیکردبوو، بۆیە هەناردەکردنی غازیان بۆ هەولێر و دهۆک راگرتبوو" .