سبەی، پێنج شەممە، ١٤ ئایار لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان خۆپیشاندان بە ناونیشانی " بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان" بەڕێوەدەچێت.
چوار شەممە، ١٣ ئایار ٢٠٢٦، خۆپیشاندانەکە لە لایەن ژمارەیەک لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەند و سەنتەرەوە بەڕێوە دەچێت، ئامانج لە خۆپیشاندانەکە بۆ داواکردنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ھێزو لایەنە سیاسیەکان و ئەندامانی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان بەئەرک بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و دیموکراسی خۆیان لەپەرلەمانی کوردستان ھەڵبستن.
بە پێی زانیارییەکان ژمارەیەکی واژۆی کەسایەتی و ڕێکخراوەکان کۆکراوەتەوە تا ئەم ھەڵمەتە مەدەنییە بەردەوام بێت، وەک مافێکی مەدەنی و پاڵەپەستۆیەک بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان .
ئەمڕۆ، لە دهۆک ژمارەیەک لە چالاکوانان و سەندیکا و رێکخراو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند "شەرمەزاریە دوای ١٨ مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا پەرلەمان کارا نەبوونی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت کاریگەری خراپی لەسەر داهاتووی هەرێم دروست کردوە" و داوایان کرد بە زوترین کات لایەنەکان ڕێکبکەون و حکومەت پێکبێت.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردوە و پارتە سیاسیەکانیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە ڕێکنەکەوتن.