دوای هەڵبژاردنی عەلی فالح زەیدی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، هەروەها سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی پیرۆزباییان لێکرد.
پێنج شەممە، ١٤ ئایار ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند "هیوا دەخوازم ئەم کابینە نوێیە بە شێوەیەک کار بکات کە خزمەت بە تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بکات و خواستەکانیان بۆ ئاسایش، سەقامگیری، پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتر بەدی بهێنێت".
لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی وتویەتی "پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و کابینەکەی دەکەم بە بۆنەی بە دەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هیوا دەخوازم ببێتە هۆی چارەسەربوونی گشت کێشەکانی عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور و باشترکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ".
سەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا دەڵێت "بەڕێز عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و وەزیرە بەڕێزەکان، پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە ئەرکە نوێیەکەتاندا".
بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاندوە کە "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پەرۆشەوە یارمەتیدەرتان دەبێت لە سەرخستنی پرۆژە نیشتمانی و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و یەکخستنی هەوڵەکانمان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان".
ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و دەنگ بە کابینەی نوێی حکومەت درا و ١٤ وەزیر هەڵبژێردران و بەر لە هەڵبژاردنی ٩ وەزیری دیکە بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەسەر پۆستەکان دانیشتنی پەرلەمان کۆتایی پێهێندرا.