دوای تەیف سامی دوو فەرمانگەی دیکەی عێراق سکاڵا لە دژی هەرێم تۆمار دەکەن

پاش ئەوەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سکاڵای دژی بڕیاری ٣٤ ساڵ لەوەپێشی حکومەتی هەرێم تۆمارد کرد، هەر یەک لە بانکی رافیدەین و کۆمپانیایی دڵنیایی عێراقیش سکاڵای هاوشیوەیان تۆمار دژی هەرێم کرد.

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای لەسەر ئەو بڕیارە تۆمار کرد، کە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٢ لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، هەر یەک لە بانکی رافیدەین و کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانیی عێراقیش هەمان سکاڵایان تۆمار کردووە.

سکاڵاکان لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و داد و ئابوورین، تێیدا داوا کراوە دادگەی فیدراڵی بڕیارێکى ئەوکاتەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، کە تایبەت بووە بە بەناوکردنی موڵکەکانی حکومەتی پێشووی عێراق و ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی پێشووی دەسەڵاتی بەعس.

بە گوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ یەکەم دانیشتنی تایبەت بەو سکاڵایانە دەکرێت.

سکاڵاکەی تەیف سامی، وەزیرى دارایی فیدراڵ، لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی و ئابوورییە. لەو سکاڵایەدا تەیف سامی داوای کردووە بڕیاری ژمارە ٣٣٢٦ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "نادەستووری" بناسێنرێت، کە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٢ دەرچووە.

بەگوێرەی سکاڵاکە، ئەو بڕیارە تایبەتە بە تۆمارکردنی سەرجەم موڵکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، کە پێشتر بە ناوی حکومەتی پێشووی عێراق و ئەنجومەنی جێبەجێکردنی پێشووی دەسەڵاتی بەعس بوون.

ئەو شوێنانەی کە تۆمارکردنەکە بەگوێرەی ئەو بڕیارە گرتوویەتییەوە، بریتین لە شووقەی نیشتەجێبوون، باڵەخانەی فەرمانگەکان و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان.




AM:09:57:15/05/2026