٣٧٨ هەزار یۆرۆکەی وەزارەتی شەهیدان چی لێهات؟


رۆژنامەنووسێک پەردە لەسەر بڕێک پارەی وەزارەتی شەهیدان هەڵدەداتەوە کە چەند ساڵێکە بڕیاری لەسەر دراوە و بڕەکەی ٣٧٨ هەزار یۆرۆ بووەو بۆ " دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد" تەرخان کراوە، ئەو رۆژنامەنووسە دەپرسێت " ئەو پارەیەتان چی لێکرد؟".

رۆژنامەنووس بارام سوبحی کە خۆی یەکێکە لە پاشماوەکانی ئەنفال لە نووسینێکدا بە ناونیشانی " عەجاج و (378) هەزار یۆرۆکەی وەزارەتی شەهیدان! " ئاماژە بەوە دەکات " سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران د. ئومێد سەباح عوسمان رۆژی ١٣/تشرینی دووەم/ ٢٠٢٢ واژو لەسەر نووسراوی ژمارە ١٦٥٣٦) دەکات کە ئاراستەی نووسینگەی وەزیری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کراوە بەناونیشانی (دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد) و تیایدا هاتووە: ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (378.600) سێ سەد و حەفتا و هەشت هەزار و شەش سەد یۆرۆ بە (چوار قۆناغ) لەسەر بودجەی وەزارەتتان، بەمەبەستی ئەنجامدانی گرێبەستی نێوان وەزارەتتان و دەزگای دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد و دەزگای (KG Lobby Center) بۆ کارکردن و دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".

ئەو رۆژنامەنووسە لە نووسینەکەیەدا سێ پرسیار لە وەزارەتی شەهیدان و حکومەتی هەرێم دەکات لەسەر چارەنووسی ئەو بڕە پارەیە: 

سێ پرسیار:

یەک: لەکۆتایی (٢٠٢٢) پارلەمانی فەرەنسا ئەنفالی بە جینۆساید نەناساند. ئەو دوو دەزگایە بەو پارەیەی بۆیان تەرخانکرابوو چ ڕۆڵێکیان هەبوو؟

دوو: لە (٢١ی شوبات/٢٠٢٤ڕوفاتی (١٧٢)ئەنفالکراو هێنرایەوە بۆ چەمچەماڵ، ئەو دوو دەزگایە بەو پارەیەی بۆیان تەرخانکرابوو چ ڕۆڵێکیان هەبوو؟ چەند میدیا و ڕێکخراو و کەسایەتی نێودەوڵەتیان بۆ ئەو مەراسیمە بانگهێشتکرد؟ ئایا هیچ کەسێک لەو دوو دەزگایە لەو مەراسیمە ئامادەبوون؟

سێ: لە ڕۆژانی (٧و ١٤ی ئایار/٢٠٢٦) جەلادەکەی نوگرەسەلمان (عەجاج تکریتی) دادگایی کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو؟ ئەو دوو دەزگایە بەو پارەیەی بۆیان تەرخانکرابوو چ ڕۆڵێکیان هەبوو؟ چەند میدیا و ڕێکخراو و کەسایەتی نێودەوڵەتیان بۆ ئەو دادگایە بانگهێشتکرد؟ ئایا هیچ کەسێک لەو دوو دەزگایە لەو مەراسیمە ئامادەبوون؟

لە کۆتاییدا بارام سوبحی رۆژنامەنووس بەناوی تێبینیەوە دەڵێت" سوپاسی هەر کەسێک دەکەم یەک چالاکی ئەو دەزگایەم پێ بڵێت.
* پەیجی فەرمی حکومەتی هەرێم لە رۆژی (14/ئایار) پێنج پۆستی کردوە لەسەر کردنەوەی شەقامێک لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە، بەڵام پێنج وشەی لەسەر دادگایی عەجاج بڵاونەکردۆتەوە".




PM:08:10:15/05/2026