وەزارەتی دارایی هەرێم ئاڵوگۆڕی لە پۆستی دوو بەڕێوەبەری گشتیدا ئەنجامدا

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' ئاڵوگۆڕی ئیداری لە پۆستی دوو بەڕێوەبەری گشتیی گرنگی سەر بە وەزارەتەکە ئەنجامدراوە، و بەرپرسە نوێیەکان بە فەرمی دەستبەکار بوون.''

ئەمڕۆ یەکشەممە (١٧ی ئایاری ٢٠٢٦)، لە دیوانی وەزارەت و لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئاڵوگۆڕ لە نێوان هەردوو بەرپرسیارێتی "بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بوودجە" و "بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانی" ئەنجامدران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی وەزارەتەکە، لە مەراسیمەکەدا دکتۆر ماکوان جەمیل، کە پێشتر بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانی بوو، وەک بەڕێوەبەری گشتیی بوودجە بەوەکالەت لە وەزارەتی دارایی دەستبەکاربوو. هاوکات لە هەمان کاتدا، کەمال ڕەئوف وەک بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانی بەوەکالەت دەستبەکاربوو، لە کاتێکدا ناوبراو سەرەڕای وەرگرتنی ئەم پۆستە نوێیە، لە ئەرک و کارەکانی پێشووی خۆشی وەک بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ بەردەوام دەبێت.



PM:06:18:17/05/2026