بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیروان محەمەد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی رووپێوی هێزی کار لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش لە کۆتایی مانگی داهاتوودا پڕۆسەی مەیدانی بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەستپێدەکات".
یەک شەممە، ١٧ ئایار ٢٠٢٦، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی سەبارەت بە روپێوییەکە رایگەیاند "رووپێوەکە خێزانییە و گشتگیرە، واتە سەردانی خێزانەکان دەکرێت و پرسیار لە ئەندامانی خێزانەکان دەکرێت، هەروەها پڕۆسەکە شوێن، کارگە و کۆمپانیا بازرگانییەکان ناگرێتەوە".
"کاری مەیدانیی پڕۆسەکە یەک مانگ دەخایەنێت، بەڵام ئامادەکارییەکانی پێش کاری مەیدانی و قۆناغەکانی دوای کاری مەیدانی کاتێکی زۆریان پێویستە، پێشبینیش دەکرێت بەر لە کۆتایی ساڵ رێژەی نوێی بێکاری دەربچێت"، سیروان محەمەد وا دەڵێت.
بە وتەی بریکاری وەزارەتی پلاندان "پڕۆسەکە لەگەڵ دەستەی ئامار و رێکخراوی کاری جیهانی بەڕێوەدەچێت، لەبەرئەوەی دوایین رووپێوی هاوشێوە لە ساڵی ٢٠٢١دا کراوە، دامەزراوەکانیان پشت بە پێشبینی نابەستن، بەڵکوو لە رێگەی رێکاری زانستییەوە رێژەی راستەقینەی بێکاری دیاری دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە".
بەپێی دوایین ئامارەکانیش کە لە دوایین رووپێوی لە عێراقدا کراوە، رێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠٢٤ لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٪١٤.٩٧.