بارەگای (حەمزەی سەیدولشوهەدا) سەر بە سوپای پاسداران رایدەگەیەنێت
دەستیان بە سەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە کە گوایە لەلایەن یەکێک لە
حیزبەکانی رۆژهەڵات و لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران ئاودیوکراوە.
لە راگەیەنراوێکدا بارەگای (حەمزەی سەیدولشوهەدا) سەربە
سوپای پاسداران دەڵێت، ئەو
گرووپە تیرۆریستییانەی دژبەری شۆڕش کە لە باکووری عێراق نیشتەجێن و وەک بریکاری ئەمریکا
و ڕژێمی زایۆنیستی کاردەکەن، کە مهبهستیان بوو بارێکی گەورە لە چەک و تەقەمەنیی
نوێ و بەکارنەهاتووی ئەمریکی بگوازنەوە بۆ ناوەوەی وڵات، لە ناوچەی بانەی سەر بە
پارێزگای کوردستان گورزیان لێدرا و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان لێ دۆزرایەوە و دەستی
بەسەردا گیرا".
راگەیەنراوەکە ناوی هیچ یەک لە حیزبەکانی رۆژهەڵات ناهێنێت.
بە پێی راگەیەنراوەکە هەوڵەکانی سوپای پاسداران بۆ دۆزینەوە
و دەستگیرکردنی سەرجەم ئەندامانی ئەو گرووپە بەردەوامە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکە قەرارگاکە هەڕەشەی وەڵامی توند دەکات
و دەنوسێت "چاوەڕێی وەڵامێکی پەشیمانکەرانە بن".
تا ئێستا هیچ کام لە حیزبەکانی رۆژهەڵات لەمبارەیەوە
روونکردنەوەی نەداوە.
لەمبارەوە ئەمجەد حسین پەناهی ئەندامی سەرکردایەتی و وتەبێژی
کۆمەڵەی زەحمتکێشانی کوردستان دەڵێت "هەرکاتێک ڕژێمی ئێران تووشی قەیران بووبێت،
بۆ ئازارو ئەشکەنجەدانی خەڵک و لە سێدارەدانی ناڕازییەکانی ڕژێمەکەی کە ئێستا بوو
بە کاری رۆژانەی ، لەماوەی ئەو ٤٧ ساڵەی
رابرددودا هەمیشە کوردستانی بە جێگایەکی نا ئارام و دژەخۆی ناوزەد کردووە، ئامانجی
ئەم سیاسیەتەش بۆ زیاتر سەرکوتکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، ئەم هەواڵانەی
ئەمڕۆش بڵاویکردۆتەوە دوورە لە ڕاستەیەوەو زیاتر بۆ درێژەدانە بەهێرشکردنە سەر هەرێمی
کوردستان بە درۆن و موشەکەکانی، هەموو ئەم هەواڵانە بیانوو هێناوەیە بۆ ئەوەی هێرشە
تاوانکارەکانی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان".
سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لەلایەن سوپای پاسداران و
بەرپرسانی ئێران هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکرێت لە خاکی هەرێمەوە چەک
ئاودیوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تا
ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە.