دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' پارتی و یەکێتی مافی ئەوەیان نییە باسی دووئیدارەیی بکەن، چونکە ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان ناکات.''
جەختیشی کردەوە کە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەرهەمی فیداکاری، قوربانیدانی شەش ملیۆن هاونیشتمانی و خوێنی هەزاران شەهیدی ڕێگەی ڕزگارییە، بۆیە هیچ هێزێکی سیاسی لە ژێر هیچ پاساوێکدا هەقی ئەوەی نییە داوای نەمانی قەوارەی هەرێم بکات.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان وەک یەکێتی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بیرۆکەی دووئیدارەییدا نین و جەختی کردەوە کە ئەمە هێڵی گشتی و سیاسەتی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە.