١٣ حیزبی کوردستانی داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن

١٣ حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا بەبۆنەی ٣٤ەمین ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن تا قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکان دووربخرێتەوە.

ئەو حیزبە کوردستانییانە لە راگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩ی ئایاری ٢٠٢٦ بڵاویانکردووەتەوە، دەڵێن، "ئەمڕۆ بیرەوەریی ٣٤ ساڵەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە؛ ئەو دامەزراوەیەی کە یەکەمجار بوو خەڵکی کوردستان لە مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕی، سیاسی و دیموکراسیدا ببێتە خاوەنی و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و مەینەتییەکانی میللەتەکەمانە."

لە راگەیەنراوەکەدا ئەو حیزبانە داوا لە ئەندامانی پەرلەمان، فراکسیۆنەکان و هێزە سیاسییەکان دەکەن "بە ئەرکی نیشتمانی و یاسایی خۆیان هەڵبستن" و پێکەوە هەوڵی جیدی بدەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.

جەخت لەوەش دەکەنەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم کاتەدا پێویستە "بۆ ئەوەی قەوارەکەمان لە مەترسییەکان دوور بخەینەوە."

حیزب و لایەنانەکان بریتین لە:

١. پارتی رەنجدەرانی کوردستان.

٢. یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (YNDK).

٣. بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان.

٤. هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی.

٥. پارتی نەتەوەیی کوردستان.

٦. حیزبی رزگاریی کوردستان.

٧. بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان.

٨. بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان.

٩. بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.

١٠. حیزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان.

١١. پارتی پارێزگارانی کوردستان.

١٢. پارتی بونیادی دیموکراتی کوردستان.

١٣. پارتی چاکسازیی نیشتمانی.


 




PM:08:25:19/05/2026