ئەمریکا سزای نوێی بەسەر تۆڕێکی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێران و دەیان کۆمپانیادا سەپاند

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، لە بەردەوامیی فشارەکانیدا بۆ سەر تاران، سزای بەسەر کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو (سەرافی)ی ئێرانی و چەند کۆمپانیایەکدا سەپاند کە بە وتەی ئەمریکا وەک کۆمپانیای وەهمی بۆ ئەنجامدانی مامەڵە بانکییەکانی ئێران کاریان کردووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای بەسەر سەرافیی «ئەمین ئێکسچەینج" جێگیر لە ئێراندا سەپاند، کە بە ناوی «کۆمپانیای هاوبەشی ئیبراهیمی و هاوبەشانی»یش دەناسرێت. وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم سەرافییە خاوەنی تۆڕێکی بەربڵاوە لە کۆمەڵێک کۆمپانیای وەهمی لە چەندین وڵات و ناوچەی جیاوازدا، لەوانە ئیمارات، تورکیا و هۆنگ کۆنگ.

هەروەها ئەمریکا ١٩ کەشتیی خستە لیستی سزاکانیەوە کە بە گوتەی واشنتۆن، ڕۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکانی ئێران بۆ کڕیارانی دەرەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە سەرافییە ئێرانییەکان ساڵانە بە بەهای ملیاران دۆلار مامەڵەی دراوی بیانی ئەنجام دەدەن و هاوکاری حکومەتی ئێران دەکەن بۆ دەورەدان و سەرپێچیکردنی سزاکان و دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو کۆمپانیا وەهمییانەی ناویان هاتووە، بەڕێوەبردنی سەدان ملیۆن دۆلار مامەڵەی داراییان لە جیاتی بانکەکانی ئێران لەئەستۆ گرتووە.

هاوکات وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند توانیویانە رێگری بکەن لەوەی ئێران ملیارەها دۆلار لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستبهێنێت و ئەو پرۆسەیەیان پەکخستووە و زیاتر لە نیو ملیار دۆلاریان لە دراوە دیجیتاڵییەکان (کریپتۆ) سڕ کردووە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە.




PM:09:20:19/05/2026