وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە وەرگرتنی مۆڵەتی نوێی شۆفێری بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە هەر شۆفێرێک هەڵگری مۆڵەتی نوێ بێت، دەتوانێت بەو مۆڵەتە لەدەرەوەی وڵات شۆفێری بکات.
چوار شەممە، ٢٠ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بۆ کارئاسانی هاوڵاتییان دوا بەدوای دەرکردنی مۆڵەتی نوێی شۆفێری، لەکاتی گەشتکردنییاندا هاووڵاتی ئارەزوومەندە لەوەی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەربهێنێت یاخود نا، چونکە مۆڵەتی نوێی شۆفێری هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دروستکراوە و لە زۆربەی وڵاتانی دیکەش پەسەندکراوە".
" ئەو کەسانەی کە هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری نوێی خۆجێین دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن بەبێ ئەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەکەیان بگۆڕن بە مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی"، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ وتوشیەتی "ئەو کەسانەی کە هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری نوێی خۆجێین، بەڵام بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت ناکەن بۆ دەرەوەی وڵات و ئەگەر بیانەوێت لەو وڵاتەی گەشتیان بۆ کردووە و ئۆئۆمبێل بە کرێ بگرن و شۆفێری بکەن ئەوا پێویستە مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەربهێنن".
لە ماوەی رابردوودا هەر هاوڵاتیەک لە کاتێکدا بیویستایە بە ئۆتۆمبێلی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵات بکات دەبوو مۆڵەتی نێودەوڵەتی وەربگرێت.