بۆ جاری سێهەم ئەم شەو هەرێمی کوردستان بۆردومانکرا


کەمێک بەر لە ئێستا کەمپی جێژنیکان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە مووشەک کرایە ئامانج،  و لە هەمان کاتدا "سێ جار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی باشیکی سازمانی خەبات" لە هەولێر.  لە کاتێکدا کاتژمێر ٩:٣٠ ئەم شەو بە "دوو درۆن" هێرشکرایە سەر "بارەگای پێشووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەگوندی بانەگەورە" لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

چوار شەممە، ٢٠ ئایار ٢٠٢٦، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر پارێزگای هەولێر ئەفسانە رەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستان راگەیاندوە "سێ جار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی باشیکی سازمانی خەبات"، هەروەها ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) دەڵێت "بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی جێژنیکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە". 

لە بارەی هێرشەکەی سنوری پارێزگای سلێمانی ئەمجەد حسێن پەناهیی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند ''لە درێژەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کۆمەڵە، ئەمشەو دێسان کاتژمێر ٩:٣٠ بە دوو درۆن کرایە سەر بارەگای پێشووی کۆمەڵە لە بانەگەورە".

ئەمجەد حسێن پەناهی وتوشیەتی"کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەتا ئێستا، بە زیاتر لە ٧٨ مووشەک و درۆن بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەی کردووەتە ئامانج ".

بەپێی زانیارییەکان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیانەکان ماددی بوون، ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە لە ٨ نیسانی ٢٠٢٦ ئاگربەست لە نیوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، بەڵام هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان نەوەستاون. 




PM:11:35:20/05/2026