نرخی گۆشت لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە


بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، فیراس سدیق سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.

هەینی، ٢٢ ئایار ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند "نرخی گۆشت لە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بەرزبووەتەوە. ئەویش هۆکاری زۆری هەیە، کە سەرەکیتریان خواستی زۆر و دۆخی جەنگە، کە بووە بەهۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە".

لە هەرێمی کوردستان زۆرترین ئاژەڵی هاوردەکراو لە بەڕازیلەوەیە، لەو بارەیەوە فیراس سدیق وتی "پێشتر تۆنێک ئاژەڵ بە زیندوویی لە بەڕازیل بە ٢ هەزار و ٢٠٠ دۆلار بوو، ئێستا لەو وڵاتە بووەتە سێ هەزار و ٣٠٠ دۆلارە، هەروەها پێشتر لە خاڵەکانی هەرێمی کوردستان تۆنێک ئاژەڵ ١٣٠ دۆلار گومرگی هەبوو، ئێستا لە رێگەی ئاویی لە بەسڕەوە دەهێندرێ تۆنێک گومرگی کراوەتە ٥٠٠ دۆلار ".

بە پێی زانیارییەکان نرخی کیلۆیەک ئاژەڵی گەورە وەکو مانگا و گوێرەکە بە زیندوویی ئەمڕۆ بە ٧هەزار و ٧٥٠ دینارە. هەروەها ئاژەڵی بچووک بە ٩ هەزار دینارە، بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو کیلۆیەک نزیکەی ١٥٠٠ دینار گران بووە. هەروەها هەر کیلۆیەک گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣  هەزار دیناری چووەتە سەر.




PM:04:03:22/05/2026