'' لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێری سزای ئەو شۆفێرانە دەدرێت کە خاشاک فڕێ دەدەن ''

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەکی گرنگ و بەپەلە ئاراستەی سەرجەم شۆفێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت'' لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و پاک ڕاگرتنی سیمای شار، لەمەودوا لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە سزای دارایی توندی ئەو کەسانە دەدرێت کە ژینگە پیس دەکەن.''

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، ئەم بڕیارە لە سبەی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦) لە کاتژمێر (٦:٠٠)ی ئێوارەوە بە فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەو بەروارە بەدواوە، فڕێدانی هەر جۆرە زبڵ و خاشاکێک، دەبە، قوتوو، یان شووشەی خواردنەوە لە ناو ئۆتۆمبێلەوە بۆ سەر شەقامەکان، وەک سەرپێچییەکی هاتوچۆ هەژمار دەکرێت

هاتوچۆی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە پێویست ناکات مەفرەزەکانی هاتوچۆ لە شوێنەکە بن، بەڵکو ئەم جۆرە سەرپێچییانە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریی تیژڕۆییەوە (سۆنەر و کامێرا جێگیرەکان) تۆمار دەکرێن و سزای دارایی توندیان بەسەردا دەسەپێنرێت

لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات کە بە تەواوی پابەندی ڕێنماییە ژینگەیی و هاتوچۆییەکان بن و هاوکار بن لە پاکڕاگرتنی ژینگەی پایتەخت، بۆ ئەوەی دووچاری هیچ جۆرە سزایەکی یاسایی و دارایی نەبنەوە



PM:08:28:25/05/2026