کەشناسیی عێراق: لە سێیەم ڕۆژی جەژنەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی خۆی بۆ باری کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت'' لە ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە ناوچە جیاوازەکان دەکات و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.''

دەستەی کەشناسیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژی هەینییەوە کە هاوکاتە لەگەڵ سێیەم ڕۆژی جەژنی قوربان، شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامی هەبێت.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە، کەشناسی ئاشکرای کردووە کە ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژی شەممە کە کۆتا ڕۆژی جەژنە، ئاسمانی ناوچەکان لە نێوان ساماڵ و پەڵەهەوردا دەبێت و خێرایی با بۆ ٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کەم دەبێتەوە، بەڵام کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەکە بەردەوام دەبن، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق کە هاوکات پلەکانی گەرماش لەو شوێنانە بەرزتر دەبن لە ناوچەکانی دیکەی وڵات.



PM:05:10:27/05/2026