کەشناسیی هەرێم: پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و شەپۆلێکی بەهێزی خۆڵبارین کوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی خۆی بۆ باری کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت'' لە سبەی هەینییەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرمیش بە شێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.''

بەپێی ڕاگەیەندراوی کەشناسی، کەشی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦)، ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری هەبوونی تۆزێکی سووک لە کەشدا، ئاراستەی با بەرەو باشووری خۆرهەڵات دەبێت و خێراییەکەشی لەسەرخۆ بۆ مامناوەند (١٠-٢٠ کم/ک) دەبێت، هاوكات مەودای بینین لە نێوان ٧ بۆ ٨ کیلۆمەتردا جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ ٢ بۆ ٣ پلە بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن

سەبارەت بە کەشی سبەی هەینی (٢٩ی ئایاری ٢٠٢٦)، کەشناسی ئاشکرای کردووە کە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی بەیانییەوە شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات، سەرەتا کاریگەریی شەپۆلەکە لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێمەوە دەست پێدەکات و پاشان لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا زۆربەی ناوچەکانی دیکەی هەرێم دەگرێتەوە، کەشناسی جەخت دەکاتەوە کە کاریگەریی ئەم خۆڵبارینە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە لەسەر ناوچەکان دەمێنێتەوە، هاوکات خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت و هەندێک جار کەمێک چالاک دەبێت، ئاراستەکەشی بەرەو خۆرئاوا دەگۆڕێت و مەودای بینین لە کاتی خۆڵبارینەکەدا کەم دەبێتەوە.

لە ڕووی پلەکانی گەرماوە، سبەی هەینی بەهۆی گۆڕانی ئاراستەی با، پلەکانی گەرما بە نزیکی ٤ بۆ ٦ پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: ٣١پلەی سیلیزی 
پیرمام: ٢٦ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: ٢١ پلەی سیلیزی 
سلێمانی: ٢٩ پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: ٣٠ پلەی سیلیزی
دهۆک: ٣٠ پلەی سیلیزی
زاخۆ: ٣٢ پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە: ٣١ پلەی سیلیزی
گەرمیان: ٣٥ پلەی سیلیزی







AM:11:40:28/05/2026