میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە پرۆسەی ئاشتی، ئەوەی ئاکپارتی و مەهەپە بە " تورکیای بێ تیرۆر ناوزەدی دەکەن" لەم رۆژانەدا پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
بەپێی ئەو زانیاریانە لە رۆژنامەنووس و چالاکوانانی نزیک " پەکەکەکە " بڵاوکراونەتەوە " چەند نهێنییەک لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوەئاشکرا بوون کە پەرلەمانی تورکیا و میدیاکانی ئەو وڵاتە لە م ڕۆژانەدا تاوتوێی قۆناغێکی چارەنووسساز لە ململانێی کورد و دەوڵەت دەکەن".
لەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە، گفتوگۆکان چڕبوونەتەوە لەسەر پڕۆژە یاسایەکی نوێ بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە و ڕاپۆرتێکی پەرلەمانی، کە وەک نەخشەڕێگایەک بۆ چەکدانان و دەستووری نوێ سەیر دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکانی لیژنە یاساییەکانی پەرلەمان، ئەنقەرە دەیەوێت (پڕۆژە یاسای پەشیمانبوونەوە) بباتە پەرلەمان.
ئامانجەکە جیاکردنەوەی گەریلا ئاساییەکانە لە سەرکردەکان، بە جۆرێک لێخۆشبوون یان سزای زۆر سووک بۆ ئەو گریلا گەنجانە دەردەکرێت، کە تێوەگلاوی ڕووداوە گەورەکان نین، بەڵام بۆ سەرکردەکانی قەندیل، پێشنیازی چوونە دەرەوەیان بۆ وڵاتێکی سێیەمی وەک وڵاتانی ئەوروپا کراوە.
پرۆسەی چەکدانانەکەش بڕیارە لە ڕێگەی (نووسینگەیەکی هەماهەنگی)یەوە بێت کە عەبدوڵا ئۆجالان سەرپەرشتی دەکات، بەڵام ئەمە تەنها دەوڵەتە و هێشتا پەکەکە بەم هەنگاوە ڕازی نەبووە و دەمپارتیش هیچ لێدوانێکی نەداوە.
هاوکات، ڕاپۆرتێکی نوێی پەرلەمانی داوا دەکات پڕۆسەی ئاشتی بکرێتە (ستراتیژیەتی نیشتمانیی دەوڵەت) لە ڕێگەی دەنگدانی پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی نەبیتە قوربانی گۆڕانکارییە کاتییەکان. ڕاپۆرتەکە پێداگری لە هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی و ئاسانکاری بۆ چاوپێکەوتنەکان دەکات بۆ ئەوەی ئۆجالان بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. هەروەها هۆشدارییەکی توندیش دەدات، کە هەر دواکەوتنێک، دەرفەت بە هێزە دەرەکییەکان دەدات پرۆسەکە لەباربەرن.( زیاتر ئەم رایەکە لە دەم پارتیدا خۆی نمایش دەکات).
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، دوو ئاستەنگی گەورە ماونەتەوە؛ یەکەمیان بریتییە لە کاتی جێبەجێکردن، حکومەت و دەوڵەت باخچەلی سوورن لەسەر ئەوەی سەرەتا "دەبێت پەکەکە چەک دابنێت"، پاشان یاساکان دەربچن، بەڵام ئۆجالان و دەم پارتی داوای گەرەنتی دەستووریی پێشوەختە دەکەن.
دووەمیش، هەڵوێستی قەندیلە، کە هێشتا نادیارە ئایا بەبێ بوونی گەرەنتییەکی یاسایی قایلکەر، بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی چەکدانان دەبن یان نا؟.
ئەو سەرچاوانەی نزیک پەکەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئەزموون دەرکەوتووە، "پەکەکە ناچێتە ژێرباری بڕیاری زۆرەملێ" و، هەر داوایەکیش لە ئۆجالانەوە بێت، ئەوان بە کۆبوونەوە و تاوتوێ کردن دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەم ڕووەشەوە، ئەم سەرچاوە نزیکانەی پەکەکە ئاماژە بەوە دەکەن؛ ئۆجالان پەکەکەی سەرپشک کردووە لەوەی بڕیارێک نەدات بەبێ ئەوەی گرەنتی یاسایی هەبێت.