ئەمەش دوای ئەوە دێت لە
كۆبوونەوەكەی دوێنێی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان،
دوای نزیکەی دوو کاتژمێری نەگەیشتە بڕیار لەسەر هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێراندا.
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی
ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٣٠ی ئایار لە کۆبوونەوەی بەرگریی لە
سەنگاپوور ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا «پابەندبوونە جیهانییەکانی» خۆی
پاراستووە، وەک یەکێک لەم پابەندبوونانەش ڕێگریکردنی لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی
بە چەکی ئەتۆمی ناوبرد و وتی واشنتۆن سەرنجی لەسەر ئەم پابەندبوونە چڕکردووەتەوە.
هێگسێت وتی، حکومەتی ئەمریکا
بە شێوەیەکی بەرچاو خەریکی بەهێزکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکانی خۆیەتی و بەتەمایە
لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمهێنانی تەقەمەنی دوو هێندە تا چوار هێندە زیاد بکات،
بۆ ئەوەی سەرجەم پلانە ئۆپەراسیۆنییەکانی ئەم وڵاتە لە سەرانسەری جیهاندا پاڵپشتیی
پێویستیان لێبکرێت.
هەروەها هێگسێت لە پێوەند
لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی، ستایشی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکای
کرد بەهۆی «ئامادەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی» ئەم «هەڕەشە جیهانییە» و وتی ئەم کارە لە
ڕێگەی براد کوپەر و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە شێوازێکی
«زۆر کاریگەر» ئەنجام دراوە.
هێگسێت وتیشی کە سەرۆک
کۆماری ئەمریکا لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی کابینەکەیدا وتوویەتی، ئەگەر
کۆماری ئیسلامی نەیەوێت ڕێککەوتنێک قبووڵ بکات کە گەرەنتی بکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی
ناگات، ئەوا لەگەڵ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا
جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاتی پێویستدا توانای دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی
سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی هەیە و یەدەگی چەک و تەقەمەنییەکەی بە تەواوی بەسە. ئەو
وتی: "توانای ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان، لە کاتی پێویستدا، بە تەواوی
بوونی هەیە. یەدەگی چەک و تەقەمەنیمان، چ لەو ناوچەیە و چ لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ
ئەرکێکی لەو شێوەیە زیاتر لە پێویست گونجاون؛ چونکە هاوسەنگیمان لە نێوان چەکە پێشکەوتووەکان
و تەقەمەنییە زۆرەکاندا دروست کردووە."