مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی (٥١)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی فەرمی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی ئەو حیزبە کرد.
پارتی لە پەیامەکەیدا، وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین پیرۆزبایی لە کادیر، ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی، جەختی لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردووەتەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ڕاست و دروستی کێشە و پرسە هەنووکەییە چارەنووسسازەکان.
هەر لەم دەرفەتەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان داوایەکی سەرەکی دەخاتە ڕوو بۆ کاراکردنەوەی تەواوی جومگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی کارکردنی هاوبەش بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان، بەهێزکردنی دامەزراوە فەرمییەکان و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا.