وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى قەرز بە سێ توێژی کۆمەڵگا دەدات

وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق ئاشکرایکرد، قەرز دەدەن بەو کەسانەى لە ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان چاکبوونەتەوە، هەروەها ئەو پەنابەرانەشى گەڕاونەتەوە عێراق، لەگەڵ ژنانى کارکەر.

عەممار عەبدولحسێن جاسم، بەڕێوەبەرى بەشى پاڵپشتی پڕۆژەکان لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق، بە میدیاى فەرمیى عێراقیی ڕاگەیاندووە، فەرمانگەى سندوقى پاڵپشتیى پڕۆژەکان، قەرزەکە دەدات بەو دوو توێژە، هەروەها ئەو ژنانەشى کارکەرن و پڕۆژەى پیشەسازشى بچووکیان هەیە قەرزەکە دەیانگرێتەوە.

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بەوەشکردووە، ئامانج لەم پڕۆژەیە دابینکردنى هەلى کار و بەگەڕخستنەوەى ئەو وزە لەکارکەوتووانەیە لە کۆمەڵگەدا.

جەختی لەوەشکردەوە، وەزارەتەکەیان قەرز ناداتە ئەو پڕۆژانەى لە بنەڕەتدا ڕاستەقینە نین و نەبێتە هۆى دۆزینەوەى هەلیکار بۆ ئەوانەى بێکارن، وەک پڕۆژەکانى بیناسازی کەسی و کڕینی ئۆتۆمبێلى تەکسی یان خەرجی هاوسەرگیری.

وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی عێراق، بڕى ئەو قەرزەى ئاشکرا نەکردووە کە دەیدات بەو سێ توێژەى کۆمەڵگە، باس لەوەشنەکراوە، ئەم قەرزە هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە یاخود نا.




AM:09:15:03/06/2026