وەزارەتی تەندروستی هەرێم "قاوەی چوکلێتی" قەدەغە دەکات

‌وێنەیەک لە ریکلامی "قاوەی چوکلێتی"

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی کردوە بە واژۆی وەزیری تەندروستی سەبارەت بە قەدەغەکردنی "قاوەی چوکلێتی".

چوار شەممە، ٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لەم دواییانەدا کۆمەڵێک پەیجی سۆشیال میدیا لە فەیسبووک و تیکتۆک و ئینستاگرام و ئەوانی تریش پروپاگەندە دەکەن بۆ جۆرە قاوەیەک بە ناوی (قاوەی چوکلیتی) کە گوایە بۆ چارەسەری دابەزینی کێش بەکاردێت و خەڵکێکی زۆریان لە هاوڵاتیان هەڵخەڵەتاندووە، دوای پشکنینی تاقیگەیی لە تاقیگەکانی بەڕێوەبەرایەتی (KMCA) بۆمان دەرکەوت کە ئەم جۆرە قاوەیە ماددەی کیمیایی (Sibutramine) تێدا زیادکراوە".

وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت "ئاگادارتان دەکەینەوە کە ئەم جۆرە قاوەیە هیچ بنەمایەکی زانستیان نیە و وە بە هیچ ڕێکارێکی فەرمی نەهاتوونەتە هەرێمی کوردستان، تەنها ڕێگایەکە بۆ کۆکردنەوەی پارە".

لە کۆتایی راگەیادنراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی وتویەتی "داواکارین هەماهەنگیمان بکەن بە داخستنی ئەو وێبج و ئەو کاونتانەی یاری بە تەندروستی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەڵیان دەخەڵەتێنن و بازرگانیان پێوە دەکەن وە ئەم جۆرە قاوەیەش قەدەغە بکریت و هاوردە نەکرێت وە فرۆشیارانیش بدرێنە دادگا".

ماددەی سیبوترامین (Sibutramine) لە بنەڕەتدا دەرمانێک بوو کە بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی و کەمکردنەوەی کێش بەکاردەهات، بەهۆی ئەوەی کاردەکاتە سەر کۆئەندامی دەمار و هەستی تێربوون لە مێشکدا زیاد دەکات و ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە.

بەڵام لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، لەوانەش لە لایەن ڕێکخراوی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان  (FDA)ی ئەمریکی و ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی (EMA)ی بە تەواوی قەدەغە کراوە و ڕێگەپێدانی پزیشکی لێسەنراوەتەوە.

ماددەی سیبوترامین (Sibutramine)ئەم کاریگەریانەی هەیە لەسەر تەندروستی:

-بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
-زیادبوونی لێدانی دڵ.
-جەڵتەی دڵ و مێشک.
-دڵەڕاوکێی توند (Anxiety) و شڵەژان.
-بێخەوی و تێکچوونی خەو.
-گۆڕانی میزاج و لە هەندێک حاڵەتدا خەمۆکی توند.
- وشکبوونی توندی دەم.
- سەرئێشە و سەرگێژخوردن.
- قەبزی بەردەوام.

مەترسی گەورەی ئەم ماددەیە لە ئێستادا ئەوەیە کە بە شێوەیەکی نایاسایی و بە دزییەوە دەکرێتە ناو هەندێک بەرهەمی گیایی یان (قاوەی دابەزاندنی کێش / قاوەی چوکلیتی) و بە ناوی بەرهەمی سروشتییەوە دەفرۆشرێت بە هاوڵاتیان، بە بێ ئەوەی ناوی ماددەکە لەسەر پاکەتەکە بنووسرێت.

وێنەیەک لە نوسراوەکەی وەزارەت:




PM:08:34:03/06/2026