بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا وەڵامی لێدوانەکانی عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمان و عومەر گوڵپی، کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی دایەوە، کە دوابەدوای چاوپێکەوتنێکی وەزیری دارایی لە کەناڵی ڕووداو سەبارەت بە داتاکانی داهاتی پێنج مانگی ڕابردووی هەرێم خرابوونەڕوو. وەزارەتەکە ئەو لێکدانەوانەی بە "نادروست و ناشارەزایی" ناوبرد.
وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە پێشتر ڕایگەیاندبێت داهاتی مانگانە ٤٠٠ ملیار دینارە. جەختیشی کردەوە کە داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات، و سەرجەم ئامارەکانی حەوت ساڵی ڕابردووش لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمەوە وردبینی کراون و بەغدا هیچ ڕەخنەیەکی لێیان نەبووە.
سەبارەت بە دابەزینی داهاتی گومرگەکان بۆ ٤٠ ملیار دینار، وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش بەردەوام لە گۆڕاندایە. هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەکەشی بۆ ئەو فشار و ئابڵوقە توندە ئابووری و بازرگانییانە گەڕاندەوە کە خراونەتە سەر هەرێم، لەگەڵ کاریگەریی ڕاستەوخۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی ٪٧٠ی داهاتەکان.
ڕوونیکردەوە کە داهاتی وەزارەتی ناوخۆ و هاتوچۆ بە تەواوی ناچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵکو بەپێی یاسا بەشێک لەو داهاتە بۆ پێداویستییەکانی خودی وەزارەتەکان دابین دەکرێت و تەنیا ئەو بڕەی دەمێنێتەوە دەبێتە داهاتی کۆتایی.
وەزارەت ئاشکرای کرد کە ئەو ٩٠ ملیار دینارەی وەک داهاتی کارەبا باسی لێوە دەکرێت، بەشێکی قەرزی لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانە، و بەشێکی تریشی تەنیا چەک و مەقاسەی نێوان فەرمانگە حکومییەکانە بەبێ هەبوونی پارەی کاش، جیا لەوەی بەشێکی ڕاستەوخۆ بۆ تێچووی چاککردنەوەی تۆڕەکان خەرج دەکرێتەوە.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری ڕایگەیاند'' تێکڕای قسەکانی ئەو دوو بەرپرسە ڕەتدەکەنەوە و داوای لێکردن هەر کاتێک ویستیان زانیاریی دروست بەدەستبهێنن، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن.''
هاوكات خشتەی داهاتی ناوخۆی ساڵانی (٢٠١٩ تا ٢٠٢٥) لەگەڵ داتای پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵی هاوپێچ کردووە کە بۆ بەغدا نێردراون.