پارێزگاری هەولێر وەڵامی ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەداتەوە

پارێزگاری هەولێر ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە لە سنوری پارێزگای هەولێر جیاوازی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییدا هەبێت و دەڵێت: "تاوانی ئێمە نییە ئەگەر لە پارێزگایەکی دیکە داهات کۆنەکرابێتەوە و پڕۆژەی پێ نەکرابێ.''

پێشتر عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد لە دابەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا لە سنووری پارێزگای هەولێر: "کەمتر ئاوڕ لە قەزای کۆیە دراوەتەوە."

رۆژی پێنج شەممە ٤ی حوزەیران ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وەڵامی ئەو قسانەی عەباس فەتاحی دایەوە و رایگەیاند: "ئەوەی کاک عەباس باسی دەکات، من هەستی پێدەکەم، بەڵام هۆکارەکەی چییە؟ ئێمە بە داهاتی ناوخۆیی خۆمان دەستمان بە پڕۆژەکان کردووەتەوە، چونکە داهاتمان بە دروستی کۆکردووەتەوە، تاوانی ئێمە نییە ئەگەر لە پارێزگایەکی دیکە داهات کۆنەکرابێتەوە و پڕۆژەی پێ نەکرابێ."

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە بنەمای سەرەکیی دابەشکردنی پڕۆژەکان "ژمارەی دانیشتووانە، ئێمە نەک جیاوازیمان نەکردووە، بەڵکو رەنگە بۆ کۆیە زیاتریش کرابێت، من سوپاسی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و یەکە کارگێڕییەکانی کۆیە دەکەم بەردەوام لە خەمی کێشە و داواکارییەکانی خەڵکدا بوون."

ئومێد خۆشناو نموونە بە چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە سنووری قەزای کۆیە دێنێتەوە و دەڵێت: "پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- کۆیە کە زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و کێشەیەکی نزیکەی ٢٠ ساڵەی چارەسەر کراوە، ئێستا بەخێرایی کاری تێدا دەکرێت،رەزامەندیش دراوە لەسەر پڕۆژەی ئاوی کۆیە بە گوژمەی ١١٢ ملیار دینار، سایلۆی کۆیەش لە قۆناخی جێبەجێکردندایە."

سەبارەت بە رەخنەی عەباس فەتاح لەسەر شەقامی (مام جەلال) لە کۆیە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "شەقامەکە کێشەی هەبووە، ئەو شەقامە زیاتر لە ١٥ ساڵ بوو گرفتی بۆ خەڵکی کۆیە دروستکردبوو. ئێمە بە رەزامەندیی سەرۆکی حکومەت بە بڕی نزیکەی ٦ ملیار دینار دەستمان پێکردەوە، بەڵام بەداخەوە دواتر بابەتەکە بە ئاراستەیەکی نادروستدا برا و ئێستاش کەموکوڕی هەیە. دڵنیایی دەدەین کەموکوڕییەکانیشی چارەسەر دەکەین."




PM:04:15:04/06/2026