بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دوو راگەیاندراوی جیاوزی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری شارباژێڕ و قەرەداغ و دەڵێت "دوو تۆمەتبار راگیراون".
پێنج شەممە، ٤ حوزەیران ٢٠٢٦،لە راگەیاندراوی یەکەمدا هاتووە "پاش ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەیشت لە بوونی ئاگرێك لەسنوری گوندی تەنگی سەری سەر بە قەزای قەرەداغ دەست بەجێ مەفرەزەیەك لە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەوكە و توانرا تەواوی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن ،ئەو ڕووداوەش بوە هۆی سوتانی نزیكەی ٥٠ دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتی".
"لەهەمان كاتدا دەستكرا بە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و لەئەنجامدا توانرا بکەری سەرەکی ڕووداو دەست گیر بکرێت .
پاشان پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخراو، بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی سلێمانی /٢ تۆمەتبار ڕاگیرا"، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.
لەبارەی ئاگرەکەی سیتەک هەمان بەڕێوبەرایەتی بڵاویکردوەتەوە کە " دوای ئەوەی ئاگرێک لە سنوری دووکانیان کەوتەوە دەست بەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە، بەهاوکاری پۆلیسی دارستانی عەربەت و بەرگری شارستانی سیتەك و بەرگری شارستانی سلیمانی و ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ناوچەکە توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت".
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگە ئاشکرایکردوە کە "بەپێی دەرئەنجامە سەرەتاییەکان، زیانی ئاگرەکە بوە هۆی سوتاندنی نزیکە ی ٢ سەد دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی".
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی دارستان "لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە ".