بانکی جیهانی قۆناغی یەکەمی قەرزێکی ٩٠٠ ملیۆن دۆلاریی بۆ عێراق پەسند کرد، لەو چوارچێوەیەشدا دوو پرۆژەی ڕێگاوبان لە سلێمانی و دهۆک ئەنجام دەدرێن.
هەینی، ٥ حوزەیرن ٢٠٢٦، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند " بۆردی بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن قۆناغی یەکەمی پێدانی قەرزی بۆ عێراق پەسەند کرد، لەو چوارچێوەیەدا دوو پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن".
"پێدانی قەرز بە بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بە عێراق، لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم، بەگوژمەی نزیکەی (٨٠) ملیۆن دۆلار لە قەرزەکەدا پەسەند کراوە"، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە وا دەڵێت.
ئەو دوو پرۆژەیەی لە سلێمانی و دهۆک جێبەجێدەکرێت بەم شێوەیەیەن:
- پڕۆژەی ئەپگرەید و فراوانکردنی رێگای سلێمانی-چەمچەماڵ-کەرکوک ، بەشی تاسڵوجە بۆ بانی مەقان بەدرێژی ٥٠ کم لەپارێزگای سلێمانی.
- ئەپگرەید و فراوانکردنی رێگای گرشین-سحێلا بەدرێژی ٢٢ کم لەگەڵ دروستکردنی یەکتربڕی گرشین لەپارێزگای دهۆک.
ئەم قەرزەی بانکی جیهانی بەشێکە لە پڕۆژەی "رێڕەوە ئابوورییەکانی گواستنەوە لە عێراق" کە ئامانجی سەرەکیی نۆژەنکردنەوەی کەرتی گواستنەوەی وشکانییە.