سەبارەت بە رووداوەکە وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک، بێوار عەبدولعەزیز لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاشکرایکرد کە رووداوەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبوە و تەنها زیانی مادی لێکەوتوەتەوە.
درەنگانی شەوی هەینی، ٥ حوزەیرانی ٢٠٢٦ ئاگرەکە کەوتوەتەوە و بە پێی زانیارییەکانی وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک ئاگرەکە بەهۆی " کوڵاندنی پاقلە لە کافتریاکە بووە و گەیشتووەتە ستوون و وایەرەکانی کارەبا".
بێوار عەبدولعەزیز وتیشی " داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا کردووە کارەبای ناوچەکە ببڕن بۆ ئەوەی بتوانین ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین، تیمەکانمان بە سەرکەوتوویی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە".
ئامارەکانی بەرگری شارستانی دهۆک پشتڕاستی دەکەنەوە کە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٥ ئاگر لە سنوری پارێزگاکە کەوتوەتەوە.