ماوەی چەند رۆژێکە چیرۆکی ئارین و نارین بەشێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەتەوە، ئەو دوو کچە تەمەن ٧ و ١٥ ساڵەی کە لەلایەن باوکیان و هاوسەرەکەیەوە بۆ ماوەی مانگێک لە توالێتی ماڵەکەیان زیندانی کرابوون و رووبەرووی ئەشکەنجە بوونەوە.
دایکی ئارین و نارین سەبارەت بە دۆخی تەندروستی منداڵەکانی رایگەیاند "ئارین دۆخی باشترە و ئێستا لە ماڵی بێسەرپەرشتانە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنە، بەڵام دۆخی نارینی ١٥ ساڵان کارەساتبارە، لەبەر لێدان و ئەشکەنجە هەردوو گوێی بریندار بووە، لووت و چەناگە و حەوز و سمت و قاچی شکاوە و دۆخی دەروونیشی دەتوانین بڵێین تێکشکاوە".
دایکی ئارین و ناردین لە بارەی ژیانی خۆیانەوە ئاشکرای کردوە کە ١٦ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ باوکی منداڵەکان هاوسەرگیریی کردووە و هیچ گرفت و تۆرانێک لە نێوانیاندا نەبووە، هەتا ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش ڕەسوول، واتە باوکی منداڵەکان، لەگەڵ ژنێکی دیکە ئاشنابوە و ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە پێکهێناوە و لەم جیابوەتەوە.
دایکی دوو منداڵەکە باس لەوە دەکات کە "وازم لە هەموو مافەکانی خۆم هێناوە تەنیا بۆ ئەوەی هاوسەرەکەم مافی سەرپەرشتیی منداڵەکانم پێ بدات، بەڵام قبووڵی نەکردووە و گوتوویەتی منداڵی خۆمن و بە کەسیان نادەم".
ئەو دایکە باسی لەوەش کردوە کە ئەو کاتەی ڕەسوول هاوسەری بووە "هیچ جۆرە توندوتیژییەکی لێ بەدی نەکراوە و زۆر باش بووە، بەڵام لەم ماوەیەدا چەند جارێک بە تکا و سکاڵا توانیومە کچەکانم ببینم".
سەبارەت بە ئاگاداربوون لە ئەشکەنجەدانی هەردوو منداڵەکە دایکیان وتویەتی "نزیکەی ٤٥ ڕۆژ هیچ هەواڵێکم لە منداڵەکانم نەبوو و چاوەڕێی وەڵامی دادگا بووم بۆ بینینیان، وەک دیاریشە مانگێکی ڕەبەقە منداڵەکانم لە تەوالێتی ماڵەکەدا زیندانی کراون".
" لەبەر منداڵەکانم هاوسەرگیریم نەکردووەتەوە و لە ماڵی باوکم لە گوند ماومەتەوە، داواش دەکەم ئەم باوک و هاوسەرەی بە سزای خۆیان بگەن" دایکی ئارین و نارین وا دەڵێت.
دوای ئەوەی دراوسێکانیان بە ئەشکەنجەدانی ئەو دوو خوشکە دەزانن لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار دەکەنەوە و لە ئێستادا باوکیان دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ هاوسەری باوکیان کراوەوە و ئازاد بووە.