عەبدوڵا ئۆجەلان داوایەک ئاراستەی هەموو توێژەکان دەکات بۆ پاراستنی یەکدەنگی کورد

‌عەبدوڵا ئۆجەلان

رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵیەوە نامەیەک ئاراستەی کۆبونەوەی ٢٤ی جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دەکات و دەڵێت " ئیدی ناکرێت باس لە هاوکێشەیەکی خۆرهەڵاتی ناوین بکرێت و حیساب بۆ کورد نەکرێت و ئیرادەیان بە نەبوو لەقەڵەم بدرێت".

شەممە، ٦ حوزەیران ٢٠٢٦، عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێت "پێش هەموو شتێک، بەرەوپێشبردنی کولتووری دیالۆگ و دانوستاندن و خەباتی هاوبەشی نێوان کوردان ئەرکێکی مێژووییە. یەکێتی نەتەوەیی کورد ئامانجێکی وەها نییە کەوا تەڤگەرێکی سیاسی، پارتێک یان لایەنێک بەتەنیا بیهێنێتەدی. ئەم یەکێتییە تەنیا دەتوانرێت بە هەوڵ و کۆششی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان، رۆشنبیران، ژنان، گەنجان و دینامیکە جڤاکییەکانی کورد بنیاد بنرێت".

ئۆجەلان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە "چیتر رێگا بەوە نەدرێت کوردان دژ بەیەکتری بەکاربهێنرێن و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بە ئەقڵییەتێکی هاوبەش بپارێزرێن، پێویستە هەموو ئەمانە لە پرەنسیپە بنچینەییەکانی ئەو یەکێتییە بێت".

"بژاردەی مێژوویی بەردەم گەلی کورد هەر تەنیا گفتوگۆ لەسەر ستاتۆ نییە، بەڵکو مژاری سەرەکی ئەوەیە ژیانێکی کۆمەڵایەتی چۆن بونیاد بنرێت؟ چەمک (تێگەیشتن)ی کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئازادیی گەلەکەمان لەگەڵ ئازادیی گەلانی دیکە تاوتوێ دەکات (هەڵدەسەنگێنێت)؛ ئامانجەکەی شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکو ژیانی هاوبەشە، پارچەکردن نییە بەڵکو یەکێتی دیموکراتیانەیە"، ڕیبەری پارتی کرێکارانی کوردستان وا دەڵێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ کەنەکە عەبدوڵا ئۆجەلان وتویەتی "ئەوەی ئەمڕۆ پێویستییمان پێی هەیە؛ هاوکات لەگەڵ پێویستیی رۆحی بەهێزی یەکێتیی نەتەوەیی نێوان کوردان، پشتیوانی و هاوپشتیی دیموکراتیانەیە لەگەڵ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و بۆچوونێکی هاوبەشی داهاتووە کە لەسەر بنەمای ئازادیی بونیاد بنرێت. هەربۆیە، مەزنکردنی لێگەڕین(گەڕان)ـی کوردان لەپێناو یەکێتیی دیموکراتی، پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی بەها جڤاکییە دیموکراتییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموومانە".


دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:

"وڵاتپارێزانی هێژا، نوێنەرە بەڕێزەکان، میوانانی ئازیز

پێش هەموو شتێک، بە هەستێکی قووڵ و لە ناخمەوە سڵاو لە ٢٤ـەمین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکەم و ئەم دیدارە واتادارەتان و ٢٧ـەمین ساڵەی کەنەکەتان لێ پیرۆزدەکەم. منیش لەلایەن خۆمەوە بەشدارییم لە ئاواکردن و دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)ـدا کرد و پشتیوانیم لێیکرد. لە زیندانیش بێت، بەگوێرەی دەرفەتەکان، بەدواداچوونم بۆ خەباتی ئێوە دەکرد و ماوە ماوەش پێشنیارەکانم بۆ ئێوە دەنارد.

هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە داهاتوو و یەکێتی نەتەوەیی، مافە دیموکراتییەکان و ئیرادەی هاوبەشی گەلی کورد بکرێت، پێگەیەکی گرنگی لە کاروانی مێژوویی گەلەکەماندا دەبێت.

ئەمڕۆ گەلی کورد بە قۆناغێکی گرنگی مێژوویی خۆیدا تێدەپەڕێت. کورد کە سەدان ساڵ ڕووبەڕووی سیاسەتی نکۆڵی، لەناوبردن، پارچەکردن و بێ پێگەیی بوونەتەوە، بە قوربانیدانێکی مەزنەوە ئیرادەی ئازادیی خۆی پاراست، توانستی سیاسەتی خۆی گەشەپێدا، بوونەتە داینامیکی جڤاکیی هەرە گرنگی خۆرهەڵاتی ناوین. ئیدی ناکرێت باس لە هاوکێشەیەکی خۆرهەڵاتی ناوین بکرێت و حیساب بۆ کورد نەکرێت و ئیرادەیان بە نەبوو لە قەڵەم بدرێت.

ئەم ڕاستییەش بەرپرسیارێتی نوێی بۆ کوردان لەگەڵ خۆیدا دێنێت. پێش هەموو شتێک، بەرەوپێشبردنی کولتووری دیالۆگ و دانووستاندن و خەباتی هاوبەشی نێوان کوردان ئەرکێکی مێژووییە. یەکێتی نەتەوەیی کورد ئامانجێکی وەها نییە کەوا تەڤگەرێکی سیاسی، پارتێک یان لایەنێک بەتەنیا بیهێنێتەدی. ئەم یەکێتییە تەنیا دەتوانرێت بە هەوڵ و کۆششی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، ژنان، گەنجان و داینامیکە جڤاکییەکانی کورد بونیادبنرێت.

یەکێتی دیموکراتییانەی کورد، نەک هەر نەپەژراندنی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەیەکگەیشتنی جیاوازییەکانە لەسەر زەمینەی دیموکراتی. ئامانج هەر تەنیا یەکدەنگیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە کەوا لە مژارە نەتەوەییە هاوبەشەکاندا ئیرادەیەکی هاوبەش نیشان بدرێت. پێشخستنی هەڵوێستێکی هاوبەشە لە بابەتە سەرەکییەکاندا کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بە بنەما وەربگرێت، چیتر ڕێگە بەوە نەدرێت کوردان دژ بە یەکتری بەکاربهێنرێن و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بە عەقڵییەتێکی هاوبەش بپارێزرێن، پێویستە هەموو ئەمانە لە پرەنسیپە بنچینەییەکانی ئەو یەکێتییە بێت.

هەر بۆیە، پێشخستنی پڕۆژەیەکی بەرفراوانیی دیالۆگ و دانووستاندنی نێوان کوردان گرنگییەکی مەزنی هەیە. ڕێگای دەربازکردن (تێپەڕاندنی) نەسازان و لێکترازانەکانی ڕابردوو، شەڕ و پێکدادان نییە؛ بەڵکو قسەکردن و گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەریی هاوبەشە. دەبێت فیکری کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دیموکراتیش وەک گوزارشتکردن لە دامەزراوەبوونی ئەو پێداویستییە ببینرێت.

سەرەڕای ئەمەش، داهاتووی گەلی کورد هەر تەنیا پەیوەست نییە بە یەکێتی نەتەوەییەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە چەمک (تێگەیشتن)ـی کۆمەڵگەی دیموکراتیشەوە، ڕێنماییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتی، چارەسەرکردنی کێشەکان نەک بە شەڕ و توندوتیژی، بەڵکو بەڕێگەی سیاسەت، حقوق و دانووستاندنی دیموکراتی بە بنچینە وەردەگرێت. ئەم ڕێنماییە، یەکسانیی گەلان، دیموکراتیی خۆجێیی، ڕێکخستنبوونی ئازاد و ژیانی هاوبەش دەپارێزێت.

بژاردەی مێژوویی بەردەم گەلی کورد هەر تەنیا گفتوگۆ لەسەر پێگە نییە، بەڵکو مژاری سەرەکی ئەوەیە ژیانێکی کۆمەڵایەتی (جڤاکی) چۆن بونیاد بنرێت؟ چەمک (تێگەیشتن)ـی کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئازادیی گەلەکەمان لەگەڵ ئازادیی گەلانی دیکە تاوتوێ دەکات (هەڵدەسەنگێنێت)؛ ئامانجەکەی شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکو ژیانی هاوبەشە، پارچەکردن نییە بەڵکو یەکێتی دیموکراتییانەیە.

ئەوەی ئەمڕۆ پێویستییمان پێی هەیە؛ هاوکات لەگەڵ پێویستیی ڕۆحی بەهێزی یەکێتی نەتەوەیی نێوان کوردان، پشتیوانی و هاوپشتیی دیموکراتییانەیە لەگەڵ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و بۆچوونێکی هاوبەشی داهاتووە کە لەسەر بنەمای ئازادیی بونیاد بنرێت. هەربۆیە، مەزنکردنی لێگەڕین (گەڕان)ـی کوردان لەپێناو یەکێتیی دیموکراتی، پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی بەها جڤاکییە دیموکراتییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموومانە.

بەم هەست و ڕامانانەوە دووبارە سڵاو لە کۆبوونەوەکەتان دەکەم، ئەو گفتوگۆ و دەرئەنجامانەی لێیەوە بەرهەم دێت، خزمەتی یەکێتی، ئازادی و داهاتووی دیموکراتیتانەی گەلەکەمان دەکات.

سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و بەڕێزەوە سڵاو لەهەموو بەشداربووان دەکەم"

عەبدوڵڵا ئۆجەلان

ئیمراڵی، ١حوزەیرانی ٢٠٢٦




PM:03:35:06/06/2026